Accessibility links

حکومەتی عێراق گیرۆدەی دەست بازگە "بەرتیل وەرگرەکانە"


وێنە بە کامێرای دڵشاد ئەنوەر
وێنە بە کامێرای دڵشاد ئەنوەر

هێزێکی تایبەتی سەربە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق، هەڵدەکوتێتە سەر بازگەی مەفتول ی سەربە قەزای خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین و سەرجەم کارمەندەکانی دەستگیردەکات، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لەو بارهەڵگرانەی لەنێوان پارێزگاکانی عێراق دا کاردەکەن.

هەڵکوتانە سەر بازگەی مەفتول، هاوکاتە لەگەڵ لابردنی دەیان بازگەی تر لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق، کە لەو بازگانە و بەجل و بەرگی فەرمیەوە، پارە لە بازرگانەکان وەردەگیرێت، زۆرێک لەو بازگانەش گروپی میلیشیا و بازرگانی پشتدار خاوەندارێتیان لێ دەکەن.

حەسەن محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هێزێکی تایبەت لەبەغداوە نێردراوە بۆ خورماتوو، سەرجەم کارمەندانی بازگەی مەفتول ی دەستگیرکردووە، کە هۆکارەکەشی بوونی زانیاری بووە لەسەر وەرگرتنی بەرتیل لەو بازگەیە."

ئەو بازگانەی لەنێوان پارێزگا جیاوازەکانی عێراق پارە لە بازرگان و خاوەن کار و بارهەڵگرەکان وەردەگرن، گروپی چەکدار و خەڵکانی دەستڕۆیشتوویان لە پشتەوەیە، بۆیە لابردنی ئەو بازگانە تەنانەت بۆ حکومەتیش ئاسان نیە، بەتایبەت بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بازگەی مەفتول، چەند کاتژمێرێک دوای لابردنی، دانراوەتەوە.

هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بازگەی مەفتول لەلایەن کەسێکەوە خاوەندارێتی دەکرێت بەناوی ( حاجی جەواد) کە خەڵکی ناوچەی بەلەدە، چەند کارمەندێکی بەجلی پۆلیسی گومرگەوە لەو بازگەیە داناوە ، بەزۆری پارە لەو بارهەڵگرانە وەردەگرێت کەئاژەڵیان پێیە، بۆیە لەخورماتوو، بازگەی مەفتول ناونراوە بازگەی ( مەڕەکە).

لەڕۆژی 11 ی ئەم مانگەش، کاتێک مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای دیالەی کرد، لەناوچە سنوریەکانی مەندەلی، 8 بازگەی گروپە چەکدارەکانی لابرد، کە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان سکاڵایان کردبوو، بەوەی لەو بازگانە بەزۆر بەرتیلیان لێ وەردەگیرێت.

نەجات حسێن کە پێشتر فەرماندە بووە لەحەشدی شەعبی دا و ئێستا بەرپرسە لە ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، بەدەنگی ئەمەریکای وت" لە بازگەکان بەجل وبەرگی فەرمی حکومەتەوە دزی دەکرێت، ئەوانە ڕێگرن، دەبێت حکومەت تەسفیەیان بکات."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، زۆربەی ئەو بارانەی لە هەرێم و دەروازە سنوریەکانەوە بەرەو بەغدا دەنێردرێن، بارەکان بە ڕێککەوتن لەگەڵ بازگەکاندا دەپەڕێنرێنەوە، تەنانەت گەر بارەکان گومرگیش کرابن و ئیش و کارە یاساییەکانیشیان تەواو کردبێت.

دەنگی ئەمەریکا بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لەگەڵ چەند بازرگانێکدا قسەیکرد، ئاماژەیان بەوەکرد گروپێک لە بەغدا هەن، بازرگانە کوردەکان لەگەڵ ئەو گروپە ڕێکدەکەون، بارەکانیان لە سەرجەم بازگەکان تا بەغدا بۆ دەپەڕێننەوە، وتیان" ئەو گروپە لەنێو عەرەبدا بە پەڕێنەر ناو دەبرێن."

بەپێی وتەی بازرگانەکان، لەبەرامبەر پەڕینەوەی هەر بارهەڵگرێکدا بۆ بەغدا، تەنانەت گەر بارهەڵگرەکە گومرگ کرابێت و مەنەفێست و مامەڵە یاساییەکانی هەبێت، بڕی 1000 دۆلار دەدرێتە بازگەکان، ئەگینا گرفت دروست دەکەن، بۆ ئەو بارهەڵگرانەش کە گومرگ نەکراون یاخود باری قاچاخیان پێیە، پارەی زیاتریان لێوەردەگیرێت.

دەروازە سنوریەکانی عێراق و زۆرێک لە بازگەی نێوان پارێزگاکان، بوون بە سەرچاوەی ئابووری گروپە چەکدارە جیاوازەکان، هەرچەندە حکومەتی عێراق هەوڵی وشککردنی ئەو سەرچاوانەی گروپەکان دەدات، بەڵام ئەم کارە بۆ حکومەتیش ئاسان نیە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:05 0:00

XS
SM
MD
LG