Accessibility links

کوژراو و بریندار هەن لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا


2 خۆپیشاندەر لە عێراق گیان لەدەستدەدەن بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە.

لە مەیدانی تەحریر لە بەغدا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوە و خۆپیشاندەراندا ڕوویانداوە و زیاتر لە 21 کەسیش بریندارن.

سەرچاوە تەندروستییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە ئەو دوو خۆپیشاندەرە سەرلەبەیانی ڕۆژی دوشەممە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمەش یەکەمین پێکدادانی خوێناوی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئاسایشییەکانی عێراقە، لەوەتای مانگی 5 ی ڕابردووەوە کە موستەفا ئەلکازمی، پۆستی سەرەک وەزیری وەرگرتووە لە بەغدا.

سەرچاوە تەندروستییەکان دەڵێن ئەو دوو خۆپیشاندەرە بە هۆی بۆمبی فرمێسک ڕژێنەوە، بە سەختی بریندار بوون و یەکێکیان بەر سەری کەوتووە و ئەوی تریشیان بەر ملی کەوتووە.

خۆپیشاندان لە شاری بەغدا و ژمارەیەک شار و شارۆچکەی تری عێراقدا ڕوویانداوە بەهۆی کەمی وزەی ئەلیکتریکەوە و وەک دەگوترێت حکومەت ڕۆژانە تەنها چەند کاتژمێرێک وەزەی ئەلیکتریک دابین دەکات بۆ دانیشتوان لە کاتێکدا لەم هەفتەیەی ڕابردوودا، پلەی گەرما 50ی سەدیی تێپەڕاندووە.

هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت، حکومەتی عێراق نەیتوانیوە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆ کەمی وزەی ئەلکتریک لە وڵاتەکەدا.

لە مانگی 10ی ڕابردووەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتۆتەوە کە زیاتر لە 550 کەس لەو شەپۆلی ناڕەزایەتیەدا کوژراون و نزیکەی 30 هەزار کەسیش بریندران، ئەمە بێ لەوەی دەیان چالاکوان ڕفێندراون و کوژراون یان بێ سەروشوێن کراون.

موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق لە ڕاگەیاندنە بەراییەکانیدا پەیمانی لێکۆڵینەوەی دابوو لەو کردەی کوشتنانەی خۆپیشاندەران.

ڕێکخراوە سیڤیلییەکان لە عێراق حکومەتی وڵاتەکەیان گوناهبارکردووە بەوەی ئەو بۆمبە فرمێسک ڕژێنانەی بەکاریان دەهێنێت دژی خۆپیشاندەران. لە جۆری لەشکرین و 10 هێندەی بۆمبی تری فرمێسک ڕژێن بەهێزترن کە لە شوێنەکانی تری جیهاندا بەکاردەهێنرێن.

ژمارەیەک لە چالاکوانانی عێراقی لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا دەڵێن "حکومەتەکەی کازمی هەمان ڕێبازی سەرکوتکارییەکانی حکومەتەکانی پێش خۆی دووبارە دەکاتەوە."

وتەبێژی سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت " هێزە ئاسایشییەکانی عێراق ڕێنومایی ئاشکرا و توندیشیان پێدراوە کە نابێت بەرەنگاری خۆپیشاندەران ببنەوە و نابێت پەنا ببرێتە بەر بەکارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر، تەنها لە کاتی زۆر زۆر پێویستدا نەبێت."

لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە " هەندێک ڕووداوی نەخوازراو ڕوویانداوە کە جێی مەخابنن و دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە و ئەوانەش کە دەخوازن هێزە ئاسایشییەکان بوروژێنن و پێکدادان دروست بکەن، ئەوانەن کە سەقامگیرییان لە عێراقدا ناوێت."

لەو ڕاگەیاندنەی وتەبێژی سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا هیچ ئاماژەیەک بە زیانی گیانی نەکراوە، نە لەناو خۆپیشاندەراندا و نە لەناو هێزە ئاسیشیەکانیشدا.

نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕەزایی خۆیی دەربڕیوە بەرامبەر توندوتیژییەکان و سەرکوتکردنەکان و لە ڕاگەیاندنێکدا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە تا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوانەی شەوی یەکشەممە بکرێت و گومانبارانی ئەو ڕووداوانەش دادگایی بکرێن.

XS
SM
MD
LG