Accessibility links

تورکیا و یۆنان لەسەر ئایا سۆفیا لێدوانی توند دژ بە یەک دەدەن


ڕۆژێک پاش ئەوەی بۆ یەکەم جار لە پاش نزیکەی 90 ساڵ نوێژی هەینی لە ئایا سۆفیا بەڕێوەچوو، تورکیا و یۆنان لێدوانی توندیان دژ بە یەکتر دا لەسەر کردنەوەی ئەو شوێنەوارە مێژووییە بە مزگەوت.

ڕەخنەکانی یۆنان لەو هەنگاوەی تورکیا بارێکی گرژی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست کردووە.

ڕۆژی هەینی لە دەمێکدا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە نوێژی هەینی ئایا سۆفیا بەشداری کرد، زەنگی کڵێساکان لە سەرانسەری یۆنان وەکو نیشانەی خەمباری لێدرا.

ڕۆژی شەممە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هامی ئاکسۆی لە بەیاننامەیەکی نوسراودا ڕایگەیاند " جارێکی تر یۆنان دوژمنایەتی دژ بە ئیسلام و تورکیا نیشان دا بە هەڵوێستەکانی لەسەر مزگەوتی ئایا سۆفیا".

وەزارەتەکە زۆر بە توندی هەڵوێستەکانی یۆنان و سوتانی ئاڵای تورکیای لە شارێکی یۆنان شەرمەزار کرد و گوتی " کردنەوەی ئایا سۆفیا بۆ نوێژ و نزاکردن تیایدا خواستی خەڵکی تورکیایە و هی تورکیایە وەکو هەمو سامانە کولتورکییەکانی تر لە وڵاتەکەدا."

وەزارەتی دەرەوەی یۆنانیش بە بەیاننەمەیەک وەڵامی دایەوەو دەڵێت " کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی سەدەی 21 شۆک بووە بە بینینی دەمارگیری ئاینی و نەتەوە پەرستی ئەمڕۆی تورکیا."

زۆربەی یۆنانییەکان ئەو شوێنە مێژووییە بە نێوەندی ئاینی کرستیانی ئەرتۆدۆکس دەزانن.

ڕۆژی هەینی سەرۆک وەزیری یۆنان کریاکۆ میتسۆتاکس تورکیای بە "ئاژاوەگێڕ" ناودێر کرد و ئەو هەنگاوەشی بە هێرش بۆ سەر شارستانیەتی سەدەی 21 ناودێر کرد.

ئایا سۆفیا یەکەم جار وەک کڵێسایەک لە سەردەمی ئیمبراتۆریەتی بیزەنتی کرستیان لە سەدەی شەشەمدا بنیاتنرا و دوای داگیرکردنی قوستەنتینیە لەلایەن عوسامنیـیەکانەوە لە ساڵی 1453 دا ئەو کڵێسایە کرایە مزگەوت.

پاشان وەکو گۆڕانکارییەکی سەرەکی پاش دەسەڵاتی عوسمانی لە سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورک ئەو مزگەوتە کرا بە مۆزەخانە.

بڕیارەکەی دادگای تورکیا ڕەخنەیەکی زۆری جیهانی کرستیانی لێ کەوتەوە لەناویاندا پاپای ڤاتیکانیش ڕەخنەی لەو بڕیارە گرت.

XS
SM
MD
LG