سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن رۆژی پێنج شەممە سەرکۆنەی زیادەڕەویەکانی تورکیا ی بۆ سەر یۆنان و قوبرس کرد ، هاوکاتی ئەوەی ئاستی بارگرژەیکانی نێوان ئەسینا و ئەنکەرە لە هەڵکشاندایە. سەرۆکی فەرەنسا بەر لە وتوێژکردنی لەگەڵ هاوتای قوبرسی "نیکۆس ئاناستاسیادس" لە کۆشکی ئەلیزێ گوتی ؛ دەخوازم جارێکی تر هاوسۆزی تەواوی فەرەنسا بۆ قوبرس و یونان دەربڕم بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی تورکیا دژ بە سەروەریان ئەنجامیدەدات. ماکرۆن گوتیشی مایەی قبوڵکردن نییە کە ناوچەکانی بواری ئاویی ئەندامانی نێو یەکێتیەکەمان رووبەڕوی پێشێلکاری و هەڕەشە ببنەوە ، سەرۆکی فەرەنسا گوتشی ئەوانەی دەستیان لەو پێشێلکاریانەدا هەیە ، دەبێت سزابدرێن.
هێزی دەریایی یۆنانی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە کەشتی جەنگی خۆی لە دەریای ئیجەدا بڵاوکردەوە دوای ئەوەی رەوشی ئامادەباشی راگەیاند بەهۆی چالاکییەکانی تورکیا بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزە لە نزیک دوورگەیەکی یۆنانی لەو ناوچەیەی تورکیا دەڵێت لە نێو بواری ئاویی خۆیدایە.
ناکۆکیەکانی نێوان تورکیا و هەریەک لە یۆنان و یەكێتی ئەوروپا بەردەوامە لەسەر هەبوونی مافی دەریایی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەسەروبەندی هەوڵەکان بۆ کۆنتۆڵکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی وزە تێدا دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا یەدەکی گازی سروشتی تێدا دۆزرایەوە.
سەرۆکی فەرەنسا ماکرۆن گوتی ؛ مەسەلەکانی وزە و ئاسایش لەو ناوچەیەدا بابەتی ململانێیە لەسەر دەسەڵات تێدا لە نێوان بەتایبەت تورکیا و روسیا ، ئەو مەسەلەیەی کە یەکێتی ئەوروپا وەک دەڵێت بە هێندی پێویست کاری لەسەر ناکات.
سەرۆکی قوبروسی هاوڕابوو لەگەڵ ئەوەی کە کەمتەرخەمییەک هەیە لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە سەبارەت بەم بابەتە و گوتیشی دەستپێشخەریەکەی ماکرۆن بۆ ئەو مەبەستە تروسکاییەکی هیوایە سەبارەت بەوەی کە دەریا ناوەڕاست نابێت لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا یان دەوڵەترێکی تردا بێت
سەرچاوە: فرانس پرێس