Accessibility links

دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بازاڕەکانی عێراق و هەرێم دەشڵەقێنێت


بەهای تمەنی ئێرانی لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تا دێت ڕوو لە دابەزین دەکات، بە شێوەیەک نرخی 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بووەتەوە بە دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار تمەنی ئێرانی، ئەمەش بە گەورەترین داشکانی بەهای تمەن دادەنرێت.

دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی، جگە لەوەی گومان و خوێندنەوەی جیاوازی لەلایەن کاسبکار و بازرگانانەوە بۆ دەکرێت، هاوکات زیانێکی زۆریشی بە بەشێک لە بازرگانە عێراقی و کوردیەکانیش گەیاندووە، بە تایبەت ئەو بازرگانانەی لەبواری ئاڵوگۆڕی دراودا کاردەکەن.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بۆ خراپی دۆخی سیاسی ئێران و دابەزینی نرخی نەوت، لەگەڵ ڕێگریکردن لەهەناردنە دەرەوەی نەوتی ئێران دەگێڕێتەوە.

بڕێکی زۆری تمەن خراوەتە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمەوە، هەندێک زانیاری نافەرمیش لەبەردەستدان، ئاماژە بۆ هاوردەکردنی بڕێکی زۆر تمەن بە شێوەی قاچاخ بۆ بازاڕەکانی هەرێم دەکەن، ئەمەش وایکردووە بەهای ئەو دراوە زیاتر داببەزێت.

بەشێک لە بازرگانەکان، پێیانوایە داشکاندنی بەهای تمەن سیاسەتێکی نوێی ئێرانە، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە موچە بدات، هەروەها بڕێکی زۆر دۆلاریش لە وڵاتانی دەوروبەرەوە بۆ نێو وڵاتەکەی ببات.

محەمەد حسێن شارەزای بواری ئابووری، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لە ڕابردوودا، بازاڕەکانی عێراق و هەرێم سەرچاوەی دابینکردنی دۆلار و دراوی قورس بوون بۆ ئێران، بەتایبەت بڕێکی زۆر کۆمپانیا و بانکی بچوک ئەو کارەیان بۆ ئێران دەکرد، بەڵام ئێستا لەدابینکردنی دراوی قورس دا، گرفتی زیاتر بۆ ئێران دروستبووە."

دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی، زیانێکی زۆری بە سەدان بازرگانی عێراق و هەرێم گەیاندووە، کە ئەو بازرگانانە لەبواری گۆڕینەوەی دراودا کار دەکەن و دابەزینی تمەن، توشی زیانێکی گەورەی کردوون.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد خەڵکێکی زۆر لە کڕینی تمەن ترساوە، چونکە بازرگانێکی زۆر توشی زەرەر بوون.

هاوکات محەمەد حسێن، ئاماژەی بەوەکرد دابەزینی تمەن کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی عێراق و هەرێمیش دەبێت، وتی"دابەزینی بەهای تمەن ئەو سودەی هەیە، نرخی کاڵاو خۆراکە ئێرانیەکان لە بازاڕدا هەرزان دەبێت."

وتیشی"لەلایەکی تریشەوە زیان بەجوتیاران و خاوەن کارگە خۆماڵیەکان دەگەیەنێت، بەوەی هەرزانبوونی کاڵای ئێرانی وادەکات، کاڵاو خۆراکە خۆماڵیەکان لەبازاڕدا بە ئاسانی ساغ نەکرێنەوە."

ڤایرۆسی کۆرۆنا و سنوردارکردنی پەیوەندی و جوڵەی بازرگانی نێوان وڵاتان، یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کە زیانی گەورەی بەوڵاتی ئێران لەڕووی بازرگانیەوە گەیاندووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:20 0:00


XS
SM
MD
LG