Accessibility links

تورکیا خێزانێکی داعش لە کەمپی هۆل دەڕفێنێت و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش پشتڕاستی دەکاتەوە


کاربەدەستانی هێزەکانی سوریای دیموکرات نیگەرانی دەردەبڕن پاش ئەوەی میتی تورکیا چۆتە نێو کەمپی ئاوارەکان و ژنێکی مۆلدۆڤی و چوار منداڵی بە قاچاخ لە کەمپەکە دەرکردووە.

کاربەدەستان ڕۆژی هەینی پشتڕاستیان کردەوە تورکیا پلاندارێژەری ئەو هەڵاتنە بووە، یەکێک لە سەرچاوەکانیش ئاماژەی بەوە کردووە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەردەکەوێت ئەو خێزانە لە ناو تانکەرێکی ئاو کە گۆڕانکاری تیادا کراوە خۆیان حەشارداوە تا هەڵاتوون.

دەڵێن ڕوون نییە بۆچی ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرە بۆ تورکیا گرنگ بووە.

سینەم محەمەد نوێنەری ئەنجومەنی دیموکراسی سوریا (باڵی سیاسی هەسەدە) لە ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " هاوپەیمانی جیهانی داوای لە وڵاتان کردووە هاووڵاتیانی خۆیان ببەنەوە، هیچ وەڵامێک نەبووە. مۆڵدۆڤیا هیچ داوای ئەم ژنەی نەکردووە".

ئەو گوتیشی " نازانم بۆچی مۆڵدۆڤیا داوای ڕادەستکردنەوەی ئەم ژنەی نەکردبوو."

ئاسایشی کەمپی هۆل لە ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، کە لە ئێستادا دەیان هەزار ژن و منداڵی داعشی تێدایە. ئەو هێزانە هەروەها ئاسیشی ژمارەیەک گرتوخانەش دەکەن کە نزیکەی 10 هەزار ئەندامی داعشیان تێدایە.

بە پێی ڕاپۆرتەکانی میدیای تورکیا، میتی تورکیا لە ژێر داوای کاربەدەستانی مۆلدۆڤا ئەم کارەی کردووە و بە هاوکاری هێزی ئاسایشی مۆلدۆڤاش ئەنجام دراوە.

سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی ئەو ژنەی کە بە ناوی ناتالیا بارکال ناسراوە لەگەڵ چوار منداڵیدا لە مانگی 1 ی 2019 وە لە کەمپی هۆڵ بووە.

سەرۆکی مۆلدۆڤا ئیگۆر دۆدان ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا باسی لە گەڕانەوەی ئەو خێزانە کرد و وێنەی خێزانەکەی لە دەمی گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کسینوا نیشان دا.

ئەو گوتیشی لەسەر داخوازی ئەو ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام دراوە بەڵام نەیگوت کێ کردوویەتی.

کاربەدەستە کوردەکانی سوریا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی تورکیاو مۆلدۆڤا نەک تەنها پێویست نەبووە بەڵکە مەترسیداریش بووە و دەڵێن ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ دەربازکردنی بارکال تەنها ورە بۆ زیندانییەکانی داعش زیاد دەکات.

سەبارەت بەم ڕووداوە گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا چەندین جار فشاری بردووە بۆ وڵاتەکان کە شەڕکەرە بیانییەکانی داعش و خێزانەکانیان بگەڕێننەوە، بەڵام زۆربەیان ئەم کارەیان نەکردووە.

کاربەدەستانی تورکیاش وەڵامی دەنگی ئەمەریکایان لەسەر ئەم بابەتە نەداوەتەوە.

XS
SM
MD
LG