Accessibility links

ژەنەڕاڵ مەککەنزی باس لە کۆبونەوەکەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی دەکات


سەرکردەی باڵای هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا باس لە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات. ئەو هەروەها باسی لە چارەنوسی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کرد و گوتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەتوانێت بەردەوامبێت لە فشارەکانی بۆ سەر داعش و تواناییەکانی لەشکری عێراقی بە سەربازی کەمتری ئەمەریکایی لە ناوچەکەدا پێکبهێنێت.

ژەنەڕاڵ کێنث مەککەنزی فەرماندەی گشتی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا دەڵێت " ئێمە بە هێزێکی کەمترەوە لە عێراق دەتوانین کارەکە ئەنجام بدەین و بە تاوتوێکردن لەگەڵ هەمولایەک کەمکردنەوەی هێزەکان ئەنجام دەدرێت." بەڵام بە تەواوەتی ئاماژەی بە ژمارەی هێزەکان نەکرد. لە ئێستادا ئەمەریکا 5 بۆ 6 هەزار سەربازی لە عێراقدا هەیە.

مەککەنزی گوتیشی حکومەتی عێراق " زۆر توندە و هاوکارە" لە هەوڵەکاندا بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکانی هێزە بەکرێگیراوەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر ئەو بنکانەی کە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی تێدان.

ژەنەڕاڵ مەککەنزی گوتیشی ئێران لە ژێر فشارێکی زۆری دیپلۆماسی و ئابوریدایە بەڵام خەڵکی خۆی کردۆتە قوربانی بۆ ئەوەی هەڕەشەکانی لەشکری لەناویاندا هێزی موشەکی لەشکری و سوپای پاسدارانی هەر بمێنن.

گوتیشی " پێم وانییە ئەمڕۆ هەڕەشەکانی ئێران لە چەند مانگی ڕابوردوو کەمتربێت."

ئەمەش بەشێکە لەو پرسیارانەی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە پەنتاگۆن کارۆڵ باب، لە ژەنەراڵ کێنث مەککەنزی کردووە لەگەڵ وەڵامەکاندا:

دەنگی ئەمەریکا: سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم کۆبانی (عەبدی) ڕایگەیاند لە هەفتەی ڕابوردوو چاوی بە تۆ کەوتووە. ئایا ئەوە پشتڕاست دەکەیتەوە؟ دەتوانیت پێمان بڵێی باسی چیتان کرد؟

مەککەنزی: بێ گومان. من دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا هەفتەی ڕابوردوو لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم لە سوریا کۆببمەوە لە کاتێکدا لە ڕۆهەڵاتی دۆڵی ڕووباری فورات هاتوچۆم دەکرد. نەک تەنها ژەنەڕاڵ مەزڵوم، بەڵکو توانیم سەردانی هێزەکانی خۆشمان لەوێ بکەم. ئەوەی لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم باسم کرد ئەوەیە ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵیاندا. ئێمە چەند ئەرکێکمان هەیە کە دبێت لە دژی داعش لە سەرو خواروی دۆڵی فورات بەدی بێن. ئێمە هەروەها باسمان لە بەڕێوەبەردنی ئاوارەکان و زیندانەکان کرد لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئێمە ڕاستەوخۆ ئەوانە بەڕێوەنابەین، بەڵام نیگەرانیانین. ئێمە نیگەرانیمان لە ڕووی ئاسایشییەوە هەیە و نیگەرانیمان لە ڕووی هاوکاری مرۆییەوە هەیە.

دەنگی ئەمەریکا: دوێنێش لەگەڵ چەند ڕۆژنامەوانێکدا باست لەوە کرد. ئایا فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کارێک دەکات تا لە ئێستادا ئەم ئەرکە لەسەر شانی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵگرێت؟

مەککەنزی: ڕاستییەکەی هیچ ڕێیەکی ڕاستەوخۆمان نییە بۆ ئەنجامدانی. ئێمە بەشدارین لە ڕاهێنانی ئەو هێزانەی دەچنە ئەوێ، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆمان نییە بۆ هیچ کام لەمانە. ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانی وەزارەتی دەرەوەمان کار دەکەین. ئێمە لەگەڵ ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێونەتەوەیی (USAID) کاردەکەین. لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی هاوکاری جیهانیدا کاردەکەین، بە تایبەتی بۆ ئاوارەکان، بەڵام ئەمانە هەموی هاوکاری ناڕاستەوخۆن. پێت دەڵێم ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ دابینکردنی هاوکاری و زۆر بە توندیش داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین هەمان کار بکەن.

دەنگی ئەمەریکا: ئەمەریکا زۆر سەرنجی لەسەر ئەو ناوچانەی سوریایە کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتە. دەتوانیت هەندێک باسمان لە پێشوەچوونەکان بۆ بکەیت، هەرچەندە داعش لەو ناوچانەدا هەر هەیە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕوسیایە یان لە ژێر کۆنترۆلی ڕژێمە؟

مەککەنزی: ئێستا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات، کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕوسیا و سوریایە، من نیگەرانیم هەیە چونکە پێم وا نییە ئەوان هیچ مەبەستێکی سەقامگیرییان هەبێت ئەوەی کە ئێمە پێمان سەقامگیری بێت. ئەوان هیچ بیرۆکەیەکیان نییە بۆ بەڕێوەبەردنی ناوچەکان پاش ئەوەی لە لەشکری تیادا نەمێنێت. جا ئەو بارودۆخەی بوو بە سەرهەڵدانی داعش هێشتا لە ڕۆژئاوا هەیە و ئەمەش جێگای داخە، و من نیگەرانی ئەوەم. ئێمەش ناتوانین کارێکی ئەوتۆی بۆ بکەین هێزمان لەوێ نییە. هێزەکانی سوریای دیموکرت لەوێ نین. جا بۆیە هەوڵ دەدەین سەرنجمان لەسەر شوێنێک بێت کە کۆنترۆڵمان بەسەریدا هەیە. ئاستەنگێکی زۆر لە ڕێگەماندایە. بەڵام لەوبڕوایەدام داهاتوو بێ شەڕ نابێت. هەمیشە شێوازێکی یاخیبوون هەر دەمێنێت بەهۆی ئەو فاکتەرانەی ناوچەکەوە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیکەین دامەزراندنی سستمێکی خۆجێهییە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ یاخیبووندا بکات بۆ ئەوەی پێویست نەکات ئێمە خۆمان بیکەین، ئێمە تەنها پشتیوانییەکی کەمیان بکەین.

سەبارەت بە عێراقیش مەککەنزی وەڵامی چەند پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکای دایەوەو گوتی " پێم وایە حکومەتی عێراق لەو بەهایانە تێدەگات کە ئەمەریکا، هاوپەیمانان و هێزەکانی ناتۆ لە شەڕی دژ بە داعشدا پێشکەشیان دەکەن." سەبارەت بەوەش کە هیرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەردەوامە گوتی " ئێران درکی بەوە کردووە ئەوان ناتوانن بە شێوەیەکی سیاسیانە ئێمە دەربکەن جا بۆیە ئەوان بڕیار دەدەن ئایە دەیانەوێت بەهێز ئێمە دەربکەن؟ ئەمەش بەڕیگەی بەکارهێنانی هێزە بەکرێگیراوەکانیانە، گروپە چەکدارییە شیعەکانی عێراق، کە زۆر بەباشی لەلایەن ئێرانەوە پڕچەک کراون. لە ڕاستیشدا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوو چەندین سەربازی ئەمەریکایان کوشتووە".

XS
SM
MD
LG