Accessibility links

پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەی قوڕی چای ڕێککەوتن


پێشمەرگە
پێشمەرگە

هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، لەناوچەی قوڕی چای نێوان قەزاکانی کفری و خورماتوو ڕێککەوتن، سەرباری ڕێککەوتنی نێوانیان، بەڵام دوور نییە، بیرە نەوتیەکانی غەڕەو پەڵکانە کەدەکەونە نێوانیانەوە، جارێکی تر ببێتەوە مایەی ئاڵۆزی.

لەڕۆژی شەمەی ڕابردووەوە، سوپای عێراق لە ناوچەی قوڕی چای، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین و ناوچەی گەرمیان، ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردووە، لەوکاتەوە تا ئێستا پێشمەرگەش خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، بەو پێیەی سوپا هەوڵی پێشڕەویکردنی بۆ هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەرێم داوە.

پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕێککەوتن

پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، لەسەر پڕکردنەوەی ناوچەی قوڕی چای نێوان قەزاکانی کفری و خورماتوو، بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئەو بۆشاییە ئەمنیەی نێوانیان کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە هیچ هێزێکی تێدا نیە، بە هێزی هاوبەش پڕ دەکەنەوە.

هاوڕێ مەلا ستار ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، کە خەڵکی ناوچەکەیە و لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکەی کردووە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پێشمەرگە و سوپا، چەند ڕۆژێکە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، فیشەکێک بتەقێنرایە، ڕەنگە شەڕێکی گەورە هەڵبگیرسایە، بەڵام کێشەکە بە شێوەیەکی عەقڵانی چارەسەر کراوە."

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕێککەوتن، ناوچەی قوڕی چای کە دەکەوێتە نێوانیانەوە و پێشتر هیچ هێزێکی تێدا نەبووە، بە هێزی هاوبەش پڕبکەنەوە، وتی"بڕیارە پێشمەرگە لەو ناوچەیە 7 خاڵی سەربازی و سوپای عێراقیش 5 خاڵی سەربازی دابنێت."

هەرچەندە بەرپرسانی کورد جەخت لەسەر ڕێککەوتن دەکەنەوە، بەڵام سوپای عێراق لە هەندێک ناوچە بەبێ گوێدانە ناڕەزایەتیەکان پێشڕەویان کردووە و هێزیان هێناوەتە پێشەوە.

نەوتی ناوچەکە و گومانەکان

ئەو ناوچەیەی کە ماوەی چەند ڕۆژێکە پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەری ناکۆکن، چەند بیرە نەوتێکی تێدایە، ئەو بیرە نەوتیانە دەکەونە ناوچەی غەڕە و پەڵکانەی سەربە ناحیەی زنانە، هەڵکەندنی بیرەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەعس، بەڵام لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، بیرە نەوتیەکان هیچ هێزێکی عێراقی و کوردیان لێ نەبووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، پێشمەرگە گومانی هەیە، حکومەتی عێراق هەوڵی دەست بەسەردا گرتنی بیرە نەوتیەکان بدات، بەتایبەت لە قەزای خورماتووەوە، هێزێکی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ سەر بیرە نەوتیەکان نێردراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزی پێشمەرگە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گومانەکانی پێشمەرگە وایە کە عێراق هەوڵی دەست بەسەردا گرتنی بیرە نەوتیەکانی پەڵکانە بدات، بەتایبەت ناو بەناو تانکەر دەنێردرێت و نەوت لەیەکێک لەو بیرە نەوتیانە دەبرێت."

بەڵام عەلی حسێنی وتەبێژی حەشدی شەعبی لەخورماتوو، وتی"مەسەلەی نەوت لای بەغدایە، ئێمە لێی ئاگادار نین."

چاوبڕینی حکومەتی عێراق بە بیرە نەوتیەکانی پەڵکانە، لەکاتێکدایە ئەو ناوچەیە تا ئێستا داعشی تێدا بووە، بەڵام لایەنی کوردیش چاوی لەو بیرانە بووە، گەرچی هەنگاوی بۆ کۆنترۆڵ کردنیان نەهاویشتووە.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ماوەی چەند مانگێکە لەنزیک بیرە نەوتیەکانی غەڕەو پەڵکانە و بەدیاریکراوی لەسنوری گوندی ئاخجەمەشەد، کە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە، کار بۆ دانانی پاڵاوگەیەکی نەوت دەکرێت.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەبەوەشدەکەن، پاڵاوگەکە کە گومان دەکرێت بۆ پاڵاوتنی نەوتی غەڕەو پەڵکانە دابنرێت، تا ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن دۆلاری تێچووە، بڕیارە چەند مانگێکی تر تەواو ببێت و تێچووەکەی بگاتە دە ملیۆن دۆلار.

هەر بەپێی زانیاریەکان، زۆربەی ئەو کرێکارانەی لە پاڵاوگەکەدا کاردەکەن، عەرەبی خوارووی عێراق و کوردی ئێرانن، هۆکاری ئەمەش بۆ دزە نەکردنی زانیاری لەسەر کارەکانی دەگێڕدرێتەوە.

لای خۆیەوە هاوڕێ مەلا ستار، ڕوونیکردەوە زانیاری نیە لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بیرە نەوتیەکانی غەڕەو پەڵکانە کەدەکەونە نێوان پێشمەرگە و سوپاوە، وتی"نازانم پێشمەرگە ئەچنە سەر بیرەکان یان سوپا."

گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچەی قوڕی چای، لەکاتێکدایە پێشتر پێشمەرگە هەوڵیدا هێز بباتە ئەو ناوچەیە، بەڵام سوپای عێراق ڕێگربوو، کەچی ئێستا عێراق هێزی بردووەتە ئەو ناوچەیە، بێ ڕاوێژکردن بەپێشمەرگە، بۆیە لەڕۆژانی ڕابردوودا گرژی دروستبوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:50 0:00


XS
SM
MD
LG