Accessibility links

پاپا فرانسس: زۆر دڵگرانم بەوەی ئایا سۆفیا دەکرێت بە مزگەوت


پاپای ڤاتیکان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند بە بڕیارەکەی تورکیا بۆ گۆڕینی مۆزەخانەی ئایا سۆفیا بە مزگەوت دڵگرانە.

پاپا فرانسس لە میانەی نزای هەفتانەی لە گۆڕەپانی سان پیتەرس ڕۆژی یەکشەممە گوتی " بیرم لای ئەستەنبوڵە. بیر لە ئایا سۆفیا دەکەمەوەو زۆر دڵگرانم."

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند یەکەم نوێژی گشتی لە 24 ی مانگی 7 لە ئایا سۆفیا بەڕێوە دەچێت پاش ئەوەی ڕایگەیاند ئەو ئەو شوێنەوارە دێرینە جارێکی تر دەکرێتەوە بە مزگەوت دوابەدوای بڕیارێکی دادگا.

ئەنجومەنی جیهانی کڵێساکان داوای لە ئەردۆغان کردووە بڕیارەکەی هەڵبوەشێنێتەوەو گەورە قەشەی بنکە لە ئەستەنبول بارتالمیو کە ڕێبەری ڕوحی کرستیانە ئۆرتۆدۆکسەکانی جیهانە بڕیارەکەی بە نائومێدی ناودێر کرد.

ئەردۆغان دەڵێت ئایا سۆفیا، کە نزیکەی 1500 ساڵ کۆنە و پێشتر گەورە کڵێسای کرستیانەکان بووە، بۆ موسوڵمانان، کرستیانەکان و گەشتیارانیش کراوە دەبێت.

ئەو گوتیشی تورکیا تەنها مافی سەروەری خۆی بەکارهێناوە و هەر ڕەخنەیەکی دژ بەو بڕیارە بە هێرشکردنە سەر سەروەری وڵاتەکەی دەزانێت.

پـێشتر دادگای باڵای بەڕێوەبەرایەتی بڕیاری دا ئەو فەرمانەی حکومەت هەڵبوەشێتەوە کە لە ساڵی 1934 ئایا سۆفیای پـێکرابووە مۆزەخانە، ئەمەش لەسەر سکاڵای کۆمەڵەی پاراستنی ژینگە و ئاسەواری تورکیا. کۆمەڵەکە دەڵێت ئایا سۆفیا یەکێکە لە موڵکەکانی سوڵتان محەمەدی دووەمی عوسمانیـیەکان، ئەوەی بە محەمەد ئەلفاتیح ناسراوە.

ئەم سوڵتانە لە ساڵی 1453 دەستیگرت بەسەر شاری ئستەنبوڵ کە لەو سەردەمەدا پایتەختی ڕۆمانەکان بوو و بە کوستەنتینە ناسرابوو. ئایا سۆفیا لەو سەردەمە کڵێسایەک بوو کە پـێش زیاتر لە 800 ساڵ بنیادنرابوو، بەڵام عوسمانیـیەکان دواتر کردیان بە مزگەوت. لە سەردەمی کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری تورکیای نوێ ئایا سۆفیا کرا بە مۆزخانە.

XS
SM
MD
LG