Accessibility links

ئەردۆغان ڕەخنەکانی جیهان لەسەر بڕیارەکەی لەمەڕ ئایا سۆڤیا ڕەت دەکاتەوە


سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی شەممە ناڕەزاییەکانی جیهانی لەمەڕ ئەو بڕیارەی تورکیا ڕەتکردەوە کە ئایا سۆفیا وەک مزگەوت دەگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی وڵاتەکە و دەڵێت ئەمە گوزارشت لە خواستی وڵاتەکەی دەکات بۆ بەکارهێنانی مافی سەروەری.

ئەردۆغان کە لەلایەن ڕەخنەگرانیەوە تاونبار دەکرێت بەوەی پایەی سێکیولاری ئەو وڵاتە زۆرینە موسوڵمانە دووردەخاتەوە، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لە 24 ی مانگی حەوتەوە نوێژکردنی موسوڵمانان لەو شوێنەوارە جیهانییەی یونیسکۆ.

لە میانەی ڕێوڕەسمێکدا کە بە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانس ئەنجام درابوو ئەردۆغان گوتی "ئەوانەی کە هەنگاو نانێن دژ بە ترس لە ئیسلام لە وڵاتەکانی خۆیاندا... هێرش دەکەنە سەر خواستەکانی تورکیا بۆ بەکارهێنانی مافی سەروەری خۆی."

پـێشتر دادگای باڵای بەڕێوەبەرایەتی بڕیاری دا ئەو فەرمانەی حکومەت هەڵبوەشێتەوە کە لە ساڵی 1934 ئایا سۆفیای پـێکرابووە مۆزەخانە، ئەمەش لەسەر سکاڵای کۆمەڵەی پاراستنی ژینگە و ئاسەواری تورکیا. کۆمەڵەکە دەڵێت ئایا سۆفیا یەکێکە لە موڵکەکانی سوڵتان محەمەدی دووەمی عوسمانیـیەکان، ئەوەی بە محەمەد ئەلفاتیح ناسراوە.

ئەم سوڵتانە لە ساڵی 1453 دەستیگرت بەسەر شاری ئستەنبوڵ کە لەو سەردەمەدا پایتەختی ڕۆمانەکان بوو و بە کوستەنتینە ناسرابوو. ئایا سۆفیا لەو سەردەمە کڵێسایەک بوو کە پـێش زیاتر لە 800 ساڵ بنیادنرابوو، بەڵام عوسمانیـیەکان دواتر کردیان بە مزگەوت. لە سەردەمی کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری تورکیای نوێ ئایا سۆفیا کرا بە مۆزخانە.

سەرۆکی تورکیا ڕۆژی شەممە گوتی " ئێمە ئەم بڕیارەمان لەسەر ئەوە نەداوە کە خەڵکی تر چی دەڵێن بەڵکو لەسەر ئەوە داوە کە مافی ئێمە چییەو خەڵکی خۆمان چی دەوێت هەر وەکو چۆن لە سوریا و لیبیا و شوێنەکانی تر کردوومانە."

XS
SM
MD
LG