Accessibility links

سەدان موریدی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی بە شێوەیەکی نایاسایی سنوری خاکی هەرێمی کوردستان دەبەزێنن


بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەڕاسیمی ناشتنی شێخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانیی لە شاری سلێمانی، نزیکەی ٢٠٠٠ موریدی تەریقەتی قادریی کەسنەزانیی لە وڵاتی ئێرانەوە هاتنە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و چەند سەد موریدێک توانیان بە نایاسایی بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

بە وتەی لیوا مەریوان شێخ کەمال، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەرزی باشماخ، سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، نزیکەی دوو هەزار موریدی تەریقەتی قادری کەسنەزانی بە شمشێر و خەنجەر و ئاڵاوە لە ئێرانەوە بەرەو سنووری مەرزەکە هاتوون و سەرەڕای تەقەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەریان دەنگۆی کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەکیان، موریدەکان توانیویانە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و بەرەوە شاری سلێمانی بکەونە ڕێ. ناوبراو دەڵێت "ئەم دەروێشانە هاتبوون بەرەو ڕووی سەربازەکان. سەربازەکان تەقەیان کردبوو بەسەریاندا، هەر نەوەستابوون. دواتر تەقەیان لە هاوڵاتییە ئێرانییەکان کردبوو و چەند کەسێکیان بریندارکردبوو. ئەشوترێت لەو نێوەندەدا چەند کەسێکیان لێکوژراوە. دواتر سەربازەکان شوێنەکەیان چۆڵکردبوو و بە وتەی ئەوان بێت ژمارەیان دوو هەزار کەس بووە."

بە وتەی لیوا مەریوان شێخ کەمال، بەرپرسانی دیوی ئێرانی مەرزەکە دیوی کوردستانیان ئاگادارنەکردووەتەوە و بەهۆی ژمارەی کەمی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە لە مەرزەکە، نەتوانراوە ڕێگرییان لێبکرێت و هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، کە یەکێکیان بریندارە و لە نەخۆشخانەیەکی پێنجوێن چارەسەر وەردەگرێت. ئەو دەڵێت "ئێمە تەنها چوار پێنج ئاسایشمان هەیە کە لەو شوێنەدا کاری ڕۆژانەی خۆیان دەکەن و نێوان ئێمە و سەربازانی ئێران تەنها ١٥ مەترە. ئەوان تەقەیان لێکردبوون و بۆیان کۆنترۆڵ نەکرابوو. ئەگەر بە شمشێر و خەنجەرەوە هاتبن، ئەوا بۆ سەربازەکانی ئێران بووە نەک هێزەکانی ئێمە."

تەریقەتی قادریی کەسنەزانیی‌ یەکێکە لە گەورە تەریقەتەکانی ڕێبازی تەسەوف و ژمارەی موریدەکانیان بە دەیان هەزار مورد دەخەمڵێنرێت لە جیهاندا.

ڕۆژی شەممه شێخ محەمەد عەبدولکەریم ،ڕابەری تەریقەتەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانی لەدەستدا و وا بڕیارە سبەینی تەرمەکەی بگاتەوە شاری سلێمانی.

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە بنەماڵەی شێخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانییەوە کرد و هەڵوێستی بنەماڵەی شێخی لە زاری شێخ سامان مارف بەرزنجی ئامۆزای شێخی کۆچکردووەوە وەرگرت. گەرچی لیوا مەریوان شێخ کەمال باسی لەوە کرد کە دەنگۆی گیانلەدەستدانی چەند موریدێک هەیە لە دیوی ئێرانەوە، بەڵام شێخ سامان باسی لەوە کرد کە هیچ موریدێک گیانی لەدەستنەداوە و تەنها بریندار هەیە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئێمە بە هەموو دەروێش و مەحسووبەکانمان وتووە کە پرسەی ڕەسمی بۆ شێخ ئەنجامنادەین، بەڵام ناشتوانین ڕەگریان لێبکەین لەوەی بێن بۆلای تەرمی شێخەکەیان. هەوڵێکی زۆرمان دا کە بە شێوازی ڕەسمی و بۆ ماوەیەکی کاتیی ڕێگە بە دەروێشەکان بدرێت تاکو بێنە پێشوازی تەرمی شێخ، بەڵام گوێمان لێنەگیرا."

دوای بڕینی خاڵی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ لەلایەن سەدان موریدەوە، دواتر موریدەکان بە پاس سەرکەوتن و بەرەوە سلێمانی کەوتنە ڕێ بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی پێشوازی لە تەرمی شێخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانیی کە سبەینێ دەگاتەوە شاری سلێمانی و لە تەکیەکەی خۆیدا لە سلێمانی دەنێژردرێت.

بەرپرسانی ئیداری و ئەمنیی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی دادگایان لە بابەتەکە ئاگادارکردووەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری دادوەرن لەمەڕ پرسی هاتنەژوورەوەی سەدان هاوڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بە ڕێگای نایاسایی و لەکاتێکیشدا کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕێگا بە هاتووچۆی هاوڵاتیانی ئاسایی. نادرێت لەو سنوورەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:18 0:00


XS
SM
MD
LG