دادگایی کردنی 20 گومانباری سعودی کە تۆمەتبارن بەوەی دەستیان لە کوشتنەکەی ڕۆژنامەوان جەمال خاشوقچیدا هەبووە بەبێ ئامادەبوونی خۆیان ڕۆژی هەینی لە ئەستەنبوڵ دەستپێدەکات. ئەو گومانبارانە دوو یاریدەدەری پێشوی شازادە محەمەد بن سەلمانیشی تێدایە.
خاشوقچی ڕەخنەگری سعودی کە نوسینەکانی لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاودەکردەوە لە 2 ی مانگی 10 ی ساڵی 2018 لە ناو کۆنسۆڵخانەی عەرەبستانی سعودیە لە ئەستەنبوڵ کوژرا کاتێک بە مەبەستی بەدەستهێنانی چەند بەڵگەنامەیەکی پێویست بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ دەزگیرانە تورکەکەی هەتیچە جەنگیز، چوو بوو.
گومانبارەکان تۆمەتی کوشتنی "بە ئەنقەست و دڕندانە" خراوەتە پاڵیان و داواکاری گشتی داوای دەستگیرکردنیانی کردووە.
داواکاری گشتی تورکیا دەڵێت جێگری بەرپرسی دەزگای هەواڵگری سعودی ئەحمەد ئەلئەسیری فەرمانی کوشتنەکەی داوە.
پەیامنێرێکی ئاژانسی دەنگوباسی فەڕەنسی ڕایگەیاندووە، جەنگیزی دەزگیرانی خاشوقچی لەگەڵ ڕاپۆرتنوسی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەگنیز کالامارد لە دادگاییەکە ئامادە بوون. یاسین ئاکتای هاوڕێیەکی نزیکی خاشوقچی و ڕاوێژکاێکی پارتی دەسەڵاتداری سەرۆکی تورکیاش لە ژووری دادگاکە بوو.
بەرلەدەستپێکردنی دانیشتنەکەی دادگا جەنگیز بە ئاژاسی دەنگوباسی فەڕەنسی ڕاگەیاند "هیوادارم ئەم داگاییکردنە بتوانێت ببێتە هۆی دۆزینەوەی تەرمی جەمال و خستنە ڕووی بەڵگەکان لەسەر ئەوانەی کە دەستیان هەبووە لە کوشتنەکەیدا". ئەو گوتیشی " من بەردەوام دەبم لە گرتنەبەری هەمو ڕێوشوێنە یاساییەکان بۆ بەرپرسیارکردنی بکوژانی جەمال واز ناهێنم تا دادپەروەری بۆ جەمال بەدەستنەهێنین".
تەرمی خاشوقچی هەتا ئێستا نەدۆزراوەتەوە. دادگاییکردنێکی داخراوی سعودیە لەسەر کوشتنەکەی خاشوقچی لە مانگی 12 کۆتاییپێهات و تیایدا 5 کەسی کە ناویان ئاشکرا نەکرا بە تاوانی ئەو کوشتنە سزای مەرگ دران. کوڕەکانی خاشوقچی دەڵێن ئەوان لە مانگی پێنجدا لە بکوژەکەی باوکیان خۆش بوون، ئەم هەنگاوەش وا دەکات حکومەت بتوانێت ئەو پێنج کەسەی کە بە تاوانی کوشتنەکە چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزای مەرگ دەکەن، ببەخشێت.