Accessibility links

بورهانەدین ئیسحاق: عێراق سکاڵای خۆی لەسەر تورکیا دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان


تورکیا بەردەوامە لەسەر لەشکرکێشییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئانکەرە دەڵێت کردە لەشکرییەکانی بە مەبەستی لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستانە، بەڵام دەیان کەسی سیڤیل کوژراون و بریندارن لە ناو هەرێمدا و بە سەدان خێزانیش بۆ پاراستنی ژیانیان، زێدی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەبوون.

ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "بۆردومانەکانی تورکیا دەیانکات و لەشکرکێشی و پێشێلکارییەکانی بەرامبەر خاکی عێراق، پێچەوانەی هەموو بەهاکانی دراوسێیەتی و پەیماننامە نێونەتەوەییەکانە کە عێراق بە تورکیا و بە هەموو جیهانەوە دەبەستێتەوە."

بورهانەدین ئیسحاق دەڵێت، ئەگەر لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەم کێشەیە لەگەڵ تورکیادا چارەسەر نەکرا و ئانکەرە درێژەی دا بەو لەشکرکێشی و پێشێلکاریـیانە ئەوا عێراق بە ئاڕاستەی جیهانی عەرەبی و لایەنی تریشدا دەڕوات بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکە.

بەڕێز ئیسحاق دەڵێت " پەیوەندییەکی باش بە ئەمریکامانەوە دەبەستێتەوە، هەروەها بوونی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێونەتەوەییش لە عێراقدا کاریگەری خۆیانیان هەیە، هەرچەندە تورکیا ئەندامی ناتۆیە بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر لەم جۆرە سیاسەتانە، ئەوا نە ئەمریکا و نە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش بەو دەستدرێژیانەی تورکیا قایل نابن."

سەبارەت بە هاوکاری نێوان حکومەتی نێوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر ئەم دۆسێیە، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی کورد، کۆمەک و یارمەتی ئەو تورکانەیان داوە کە هاتوونەتە ناو خاکی وڵاتەکەوە و هەندێک لە لایەنەکانی تریش دژی ئەو پێشێلکارییەن. ئەم دابەشبوونە لەسەر دەستێوەردان و لەسەر بۆردومانەکانی ئێرانیش لەناو کورددا هەیە، هەر بۆیە حکومەتی عێراق لە وتووێژدایە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا تا ئەم جۆرە ئاڵۆزیانە تێبپەڕێندرێن، لە کاتێکدا عێراق بە یەک چاو سەیری هەموو پێشێلکارییەکان دەکات."

لە لێدوانێکدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ئەو لەشکرکێشیانەی تورکیا دەڵێت " درک بە نیگەرانیـیە ڕەواکانی تورکیا دەکەین لەوەی کە پەکەکە هەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ئانکەرە و دەخوازین تورکیا بەردەوامبێت لە هاریکاری هاوبەش لەگەڵ عێراق بە ڕێگەیەک پشتیوانی لە سەروەری عێراق بکات.

ئەمریکا داوا لە تورکیا و عێراق دەکات بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە، پـێکەوە کاربکەن بۆ شکستهێنان بە پەکەکە. ئەمریکا ئامادەیە ئاسانکاری و پشتیوانی بکات بە هەماهەنگیـیەک، چونکە هێشتا بڕوامان وایە چارەسەریـیە ئاسایشیـیە بەردەوامەکان تەنیا بە ڕێگەی هاوکاری دەستەبەر دەکرێن."

بورهانەدین ئیسحاق ئاماژە بەوە دەکات، پێشێلکاری سەروەری وڵاتێک جیاوازە لە هەماهەنگیکردن و دەڵێت لەوبڕوایەدا نییە حکومەتی نێوەندی لە بەغدا هەرگیز قایل بێت بەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر بێنە ناو خاکی وڵاتەکەوە و جەختیش دەکاتەوە وەک دەڵێت " حکومەتی عێراق نایەوێت هێزەکانی تورکیا یان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پۆلیسی عێراقی لە بنکە سنورییەکان دەربکەن و هێزی خۆیانیان تیادا دابنێن یان دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن بەسەر ناوچەکاندا."

بەڕێز ئیسحاق دەڵێت "ئەگەر حکومەتی عێراق بە ئاوەها پێشنیازێک قایل ببوایە، ئەوا دۆسێکەی نەدەبردە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان."

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ بورهانەدین ئیسحاق، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێک ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:21 0:00


XS
SM
MD
LG