Accessibility links

کۆبونەوەی ڕوسیا، تورکیا و ئێران لەسەر ڕەوشی سوریا


ڕێبەرانی ڕوسیا، تورکیا و ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکیان بەمەبەستی سەقماگیرکردنی ڕەوشی سوریا ئەنجام دا و تیایدا جەختیان لە بەروپێشبردنی ڕێککەوتنی سیاسی کردەوە.

ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە لایەنی جیاوازی شەڕی سوریا جەختیان لەوە کردەوە ڕاگرتنی شەڕی سوریا پێویستی بە چارەسەری سیاسییانەیە نەک لەشکری.

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن
سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن لە کۆنفرانسەکەدا گوتی"یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی ئەم کۆنفرانسە ڤیدیۆییەی ئەمڕۆمان ئەوەیە، کە بارودۆخی ئێستای سوریا هەڵبسەنگێنین تا لەسەر ئەوە ڕێکبکەوین چ شتێکی تر پێویست دەکات بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی سوریا. ئەمە لەسەر بەردەوامی شەڕی دژ بە تیرۆرسمی جیهانییە. ئێمە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە چ هەنگاوێکی تر پێویستە بگیرێتەبەر بۆ لەناوبردنی گروپە تیرۆرستییەکان."

ئێران و ڕوسیا بە درێژایی شەڕی سوریا پشتیوانیان لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد کردووە، لە کاتێکدا تورکیا داوای لادانی حکومەتەکەی دەکرد و پشتیوانی لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کردووە.

سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی لە ڤیدۆکۆنفرانسێکدا
سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی لە ڤیدۆکۆنفرانسێکدا


لە میانەی کۆنفرانسەکەدا سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی گوتی " کۆماری ئیسلامی لەو بڕوایەدایە تەنها ڕێگەچارەسەری قیرانی سوریا چارسەری سیاسیە نەک لەشکری." ئەو داواشای کرد دەبێت هێزەکانی ئەمەریکا دەستبەجێ لەو ناوچەیە بکشێنەوە و گوتی "جەختدەکەمەوە لەوەی هەرچی زووترە هێزەکانی ئەمەریکای تیرۆرست لە تەواوی ناوچەکە بەتایبەتی لە سوریا دەربچن و سەروەری حکومەتی سوریا بگەرێتەوە بۆ تەواوی خاکی خۆی."

لە ئێستادا ژمارەیکەی کەم لە هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا ماوەن بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکات تا نەکەونە دەستی داعش.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانەی ڤیدۆکۆنفرانسێکدا لەسەر سوریا
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانەی ڤیدۆکۆنفرانسێکدا لەسەر سوریا


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش جەختی لەوە کردەوە پێویستە یەکگرتووی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزێت. ئەو گوتیشی لە سەرەتای شەڕی سوریاوە ئێمە پشتیونیمان لە خەڵکی سوریا کردووە. "ئێمە هەستیارییەکی زۆرمان نیشان داوە کە سوریا بە دەستی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان پارچە پارچە نەبێت. بە بەشداری کردنی هێزی لەشکری هەر کاتێک پێویست بووبێت ئێمە ڕێگەمان لە کارەساتی مرۆیی پلانی جودابیران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شوێنەکان گرتووە. و بەردەوامیش دەبین لە ئەنجامدانی هەر شتێک کە پێمان بکرێت بۆ سوریای دراوسێمان تا بە زووترین کات بگات بە ئارامی، ئاسایش و سەقامگیری."

بەم دواییانە بەرێوەبەرایتی ترامپ یاسای قەیسەری بۆ زیادکردنی فشارەکانی بۆ سەر حکومەتی سوریا خستە بواری جێبەجێکردنەوە.بەپێی یاسای قەیسەر، سزا دەسەپێندرێت بەسەر کاربەدەستانی سوریایی و کارداران و هەر کەسێکی بیانیشدا کە سەروسەودا لەگەڵ دیمەشقدا بکات بە ڕوسیایی و ئێرانیشەوە.

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتنیش ڕەخنەی لە سزاکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەورەپا گرت بۆ سەر حکومەتی ئەسەد. و جەختی کردەوە لەوەی کە پێویستە هاوکاری سوریا بکرێت بۆ بوژانەوەی ئابوری و هاندانی گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان.

سەرۆک کۆماری ئێرانیش زۆر دژی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر سوریا وەستایەوە.

واشنتۆن مەرجی داناوە بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانە، لەوانە دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ، ڕاگرتنی بۆردومانکردنی خەڵکی سیڤیل و هەروەهاش ئازادکردنی زیندانە سیاسییەکان و گەڕانەوەی پەنابەران.

ڕێبەرانی تورکیا، ڕوسیا و ئێران لە کۆبونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەیان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کۆبونەوەی داهاتوویان سەر سوریا لە ئێران ئەنجام بدەن بەڵام ئاماژەیان بە کاتەکەی نەکرد و گوتیان هەر کاتێک بتوانن کۆدەبنەوە.

XS
SM
MD
LG