Accessibility links

ئینتەرپۆڵ داواکەی ئێران ناخوێنێتەوە


کۆماری ئیسلامی ئێران فرمانی دەستگیرکردنی سەرۆکی ئەمریکا دەدات و داواش لە ئینتەرپۆڵ دەکات یارمەتی تاران بدات لە دەستگیرکردنی دانۆڵد ترامپ و دەیان کەسی تردا کە ئێران پێیوایە دەستیان هەبووە لەو هێرشەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوە و قاسم سولەیمانی تیادا کوژرا لە بەغدا.

دوابەدوای ئەم داوایەی ئێران، ئینتەرپۆڵ دەڵێت ئەو نوسراوەی ئێران ناخوێنێتەوە، وەک ئاماژەیەک بەوەی مەترسی دەستگیرکردن لەسەر دانۆڵد ترامپ نییە.

گوناهبارکردنەکان نیشانەیەکن بۆ درێژەپێدانی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.

دادپارێزی گشتی لە تاران دەڵێت، کۆماری ئیسلامی ئێران،ترامپ و زیاتر لە 30 کەسی تریش بە گوناهبار دادەنێت بەهۆی دەست هەبوونیان لە هێرشەکەی ڕۆژی 3 ی مانگی یەکی 2020دا کە بووە مایەی کوژرانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی لە شاری بەغدا.

عەلی ئەلقاسی میهر، دەڵێت ئەوانەی داواکراون، تاوانەکانی "کوشتن و تێرۆر" ڕووبەڕوویان دەکرێنەوە و دەشڵێت وڵاتەکەی بە دوای ئەو داوایەیدا دەچێت تەنانەت پاش کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتییەکەی ترامپیش.

ئینتەرپۆڵ لە ڕاگەیاندنێکیدا دەڵێت کار بەو داوایەی ئێران ناکات و ڕێنوماییەکانی ئەم دەزگایەش ڕێگرە لەوەی دەستێوەردان لە هەر کار و جموجۆڵێکی سیاسی ناو وڵاتاندا بکات، وە دەشڵێت ئینتەرپۆڵ هەرگیز داوای لەو شێوەیە ناخوێنێتەوە.

برایان هوک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئێران، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی دووشەممەی عەرەبستانی سعودیەیدا لەسەر ئەو داوایەی ئێران تەنها ئەوەندەی باسکردووە کە "بریتیە لە فێڵێکی پڕوپاگەندە کردن، کەس بە ڕژدی وەریناگرێت و شتێکیشە دەسەڵاتدارانی ئێران وەک گەمژە نیشان دەدات."

XS
SM
MD
LG