Accessibility links

کۆرۆنا ژمارەی برسییەکان لە جیهاندا بەرز دەکاتەوە


بەرنامەی جیهانی بۆ خۆراک، لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە بە ملیۆنان خەڵک لە جیهاندا ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

ئەم بەشەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە گەورەترین ڕێکخراوی جیهانی دادەنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی، داوای نزیکەی 5 ملیار دۆلار دەکات تا بتوانێت خۆراک دابین بکات بۆ خەڵکی وڵاتانی هەژار و هەروەها وڵاتانی ئاستی داهات تیایدا مامناوەندییە و دەشڵێت ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان نیشانی دەدەن ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بەو یارمەتی و کۆمەکی خۆراکە هەیە، هەروادێ زیاتر دەبن.

دەیڤد بیزلی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری بەرنامەی جیهانی بۆ خۆراک دەڵێت "تا ئەو کاتەی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدۆزرێتەوە، خۆراک باشترین ڤاکسینە."

بیزلی دەشڵێت ئەگەر بێتوو خۆراکی پێویست دابین نەکرێت ئەوا دەشێت پشێوی و ئاڵۆزییەکی زۆر لە جیهاندا بێتە ئاراوە و ڕیژەی کۆچ کردن زیاتر بێت و ململانێکان قورستر و ئاڵۆزتریش بن و هەروەهاش بەدخۆراکییەکی زۆر لەنێو ئەو خەڵکەدا بڵاو ببێتەوە کە پێشتر گرفتی خۆراکیان نەبووە.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەروادێ زۆربوونی ڕێژەی برسیەتی لە جیهاندا، ئەم بەشەی نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی و کۆمەک بۆ 138 ملیۆن کەس دابین دەکات، لە کاتێکدا لە ساڵی 2019دا یارمەتی و کۆمەکە خۆراکییەکانی بۆ 97 ملیۆن کەس دابین دەکرد لە جیهاندا.

بەرنامەی جیهانی خۆراک دەڵێت، پێویستی بە کۆمەکی دارایی هەیە تا بتوانێت درێژە بە کار و ئەرکەکانی خۆی بدات لە 83 وڵاتی جیهاندا و دەشڵێت دەشێت ژمارەی خەڵکی برسی لە جیهاندا بەر لە کۆتایی ساڵی 2020، بەرز ببێتەوە بۆ 270 ملیۆن کەس.

XS
SM
MD
LG