Accessibility links

گەندەڵی سەرەک وەزیرێکی فەڕەنسا دەخاتە زیندانەوە


دادگایەک لە پاریس سەرەک وەزیرێکی پێشووی فەڕەنسا بە تاوانبار دادەنێت، بەهۆی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیەوە بۆ فێڵ و تەڵەکە کردن لە بەرژەوەندی خێزانەکەی.

دادگای پاریس دەڵێت فرانسوا فیۆن، موچەی بڕیوەتەوە بۆ هاوسەرەکەی و منداڵەکانیشی بەبێ ئەوەی هیچ کارێکیان کردبێت.

دادگا بینیلوب فیۆن، هاوسەری سەرەک وەزیری پێشووی فەڕەنساشی بە گوناهبار داناوە بەو پێیەی وەک دەڵێت هاوبەشە لە تاوانەکەدا.

بەهۆی ئەو گەندەڵییەوە کە لە ساڵی 1998ەوە دەستیپێکردووە، ئەو خێزانە زیاتر لە یەک ملیۆن یۆرۆ سودمەند بوون.

ئاژانسی دەنگ و باسی فرانس پرێس دەڵیت دادگا سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی داوە بەسەر فرانسوا فیۆن و هەروەهاش سزای 3 ساڵ زیندانیکردن بەسەر هاوسەرەکەیدا.

دادگا دەڵێت هەردوو بڕیاری سزادانەکان لەگەڵ ڕاگرتنی جێبەجێکردنیاندان، بەڵام فیۆن 2 ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە.

میدیاکانی فەڕەنسا تەنها 3 مانگ بەر لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2017سەرۆکایەتی فەڕەنسا ئەم بابەتەیان وروژاند و وەک شەرمەزاری ناودێریان کرد.

لەو هەڵبژاردنەدا، فیۆن لە پێشەنگدا بوو، بەڵام بەهۆی ڕاپۆرتەکانی میدیاوە لە پێشەبڕکێی هەڵبژاردندا پاشەکشەی کرد بۆ ڕیزبەندی پلە سێ و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئێستای فەڕەنسا هەڵبژاردنەکەی بردەوە.

فیۆن کە لە ساڵی 2007 تا 2012 سەرەک وەزیری فەڕەنسا بووە، لە پاش ئەو شەرمەزارییە دوورکەوتەوە لە سیاسەت.

XS
SM
MD
LG