Accessibility links

لە نەمسا "گورگە بۆرەکان" گومانبارن بە تێکدانی خۆپیشاندانەکان


وڵاتی نەمسا پەیمانی داوە ئەو کەسانە بدۆزێتەوە کە لە پشت پێکدادانەکانی هەفتەی ڕابردووی خۆپیشاندەرانی کورد و تورکەکانەوە بوون لە ڤیەننای پایتەخت.

ئەم پەیماندانەی کاربەدەستانی نەمسا پەیوەندییەکانی نێوان ڤیەننا و ئانکەرەی هێندەی تر ئاڵۆز کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە توندی ڕەخنەی گرتووە لەم هەڵوێستە و هەروەهاش چۆنیەتی سەروسەوداکردنی نەمسا لەگەڵ دۆسێی خۆپیشاندەراندا و دەڵێت ئەو دەستە و تاقمانە بوون کە پەیوەندییان هەیە بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.

ئانکەرە دەڵێت باڵیۆزی نەمسا بانگ دەکرێتە وەزارەتی دەرەوە و نیگەرانییەکانی تورکیای پێڕادەگەیەنرێت و دەشڵێت هێزە ئاسایشییەکانی نەمسا بە شێوەیەکی ڕەق و توند مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەرە تورکەکاندا کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی نەمسا دەڵێت باڵیۆزی تورکیا بانگ دەکات و نیگەرانی خۆی پێڕادەگەیەنێت.

پۆلیسی نەمسا دەڵێت، تورکەکان ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو چووبوونە ناو خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی دەربڕینی کوردەکانەوە لە ڤیەننا بۆ تێکدانی خۆپیشاندانەکەیان.

خۆپیشاندەرانی کورد ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیش کە بە نزیکەی 300 کەس مەزەندە دەکران لەگەڵ خۆپیشاندەرانی تورکدا بە یەکیاندا داوە. لەو پێکدادانەدا وەک پۆلیس دەڵێت بەرد هاوێژراوە و هەروەها هێرشیش کراوەتە سەر پۆلیس.

کارل نیهامەر، وەزیری ناوخۆی نەمسا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتوویەتی "هەرگیز ئەوە جێی قایل بوون نییە قەیرانەکانی تورکیا بگوێزرێنەوە بۆ ناو خاکی نەمسا."

وەزیری ناوخۆی نەمسا دەڵێت " ئەوە هەرگیز جێی قایل بوون نییە ئەگەر دەرکەوت دەستە و تاقمە تورکەکان بە فرمانی ئانکەرە ببنە مایەی ناسەقامگیری لە نەمسادا و ئێمەش دەگەڕێین بە شوێن ئەوانەی لە پشت ئاژاوەنانەوەکەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا بوون."

پۆلیس ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانی تورکی بینیوە، دروشم و ئاماژەی قەدەغەکراویان وتۆتەوە وەک ئاماژەیەک بە "گورگە بۆرەکان" تورکە نەتەوە پەرستەکاندا.

لەو ڕووداوانەدا 11 کەس دەستگیرکراون و 7 پۆلیسیش بریندارن، وەک وەزارەتی ناوخۆی نەمسا ڕایگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG