Accessibility links

سەربازێکی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەکوژرێت


سەربازێکی تورکیا کوژراوە هاوکاتی ئەو کردە لەشکرییەی ئانکەرە لەناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەستیپێکردووە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت، لە ئاکامی پێکدادانێک لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا، ئەو سەربازە کوژراوە، بەڵام ناڵێت لە چ شوێنێکدا ئەو سەربازەی تورکیا کوژراوە.

تورکیا لە ڕۆژی 17 ی مانگی 6ەوە دەستیکردووە بە کردەیەکی لەشکریی ئاسمانی و زەمینی لە باکوری عێراقدا "چنگی هەڵۆ" دژ بە پەکەکە.

پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1984ەوە لە ململانێ و شەڕدایە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد لەو وڵاتەدا.

تورکیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئانکەرە، پارتی کرێکارانی کوردستانیان خستۆتە لیستی تێرۆریستانەوە.

لەشکری تورکیا زۆر جار کردەی لەشکریانە دژی بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات لەناو تورکیا و لە دەرەوەی تورکیاشدا.

هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر پەکەکە، ناڕەزاییەکی گشتی بە دوای خۆیدا هێناوە لە عێراقدا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق تا ئێستا 2 جار باڵیۆزی تورکیای بانگ کردووە و ناڕەزایی وڵاتەکەیان پێڕاگەیاندووە بەرامبەر بەو هێرشانە.

کاربەدەستانی خۆجێیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێن، تا ئێستا بەلانیکەم 5 کەسی سیڤیل کوژراون لەوەتای ئەو کردە لەشکریانەی تورکیا دەستیان پێکردووە.

ئەم لێدوانانەی کاربەدەستانی کورد لە کاتێکدایە تورکیا دەڵێت هەر شتێکی لە توانایدا بێت دەیکات تا خەڵکی سیڤیل نەکرێنە ئامانج.

XS
SM
MD
LG