Accessibility links

یەپەگە لەسەر ڕووداوەکانی ساڵی 2013ی عامودێ داوای لێبوردن دەکات


گوتەبێژی یەپەگە نوری مەحمود
گوتەبێژی یەپەگە نوری مەحمود

یەکینەکانی پاراستی گەل یەپەگە سەربارەت بە ڕووداوەکانی ساڵی 2013 ی شاری عامودێ، کە لە ئاکامی ئەو ڕووداوانە ژمارەیەک خەڵکی سڤیل کوژران، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تیایدا داوای لێبوردن دەکات. لەو بەیاننامەیەدا یەپەگە دەڵێت " ئێمە داوای لێبوردن دەکەین و ئامادەین بۆ قەرەبووکردنەوەی دارایی و دەرونی بۆ بنەماڵەکانی شەهیدەکانی گەلەکەمان لە شاری عامودێ."

وتەبێژی یەپەگە نوری مەحمود کە ئەندامی دەستەی بەرێوەبەرایەتیشە لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ئەو ڕووداوانەی بە کارەسات ناودێرکرد. یەپەگە دەڵێت " ڕووداوەکانی کە لە ڕۆژانی 27 و 28 ی مانگی حوتی ساڵی 2013 لە عامودێ ڕوویاندا کارەسات بوون و زیانێکی گەورەی گەیاندە گەلەکەمان، دەبێت لە مێژووی گەلی کورد و ڕۆژئاوا دووبارە نەبێتەوە."

یەپەگە دەشڵێت خۆی بە بەرپرسیاری ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەزانێت و دەڵێت " ئێمە دان بەوەدا دەنێن لە ئاکامی هەڵەیەکی گەورەدا، لە کاتی گەڕانەوی هێزێکی لەشکریمان لە بەرەکانی شەڕەوە و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵێک خۆپیشاندەر کە لە بەرامبەر ناوەندی ئاسایشدا کۆببونەوە و داوای ئازادکردنی گەنجە چالاکوانەکانیان دەکرد، چەند کەسێکی بێتاوان کوژران".

شایانی باسە ڕووداوەکانی عامودێ لە 27 و 28 ی مانگی حوتی ساڵی 2013 ڕوویاندا. لەو ڕووداوانەدا ناکۆکی لە نێوان هێزەکانی پاراستنی گەل و ئەو خۆپیشاندەرانی شاری عامودێ ڕوویدا کە داوای ئازادکردنی زیندانیان دەکرد. لە ئاکامدا 6 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:21 0:00


XS
SM
MD
LG