پاش ئەوەی خۆپیشاندانەکانی ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی ڕوویاندا دەوروبەری شارۆچەکەکە لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانی، ڕۆژ، ئاسایش و پۆلیسەوە گیراوە. ئەو هێزانە بە چەکی سوک و قورسەوە دەوروبەری شێلادزێیان گرتووەو قەدەغەی هاتوچۆکردن ڕاگەیەندراوە.
ئەم کردارەش ناڕەزاییەکی زۆری لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە لێکەوتۆتەوە. مەلای ئەمین یەکێکە لە دانیشتوانی شێلادزێ لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت هێزێکی زۆر هاتوونە و خەڵکی نازانن ئەو هێزە بۆ چی هاتوون.
هاووڵاتییەکی تر بەناوی نزار کەریم لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا هاتنی ئەو هێزانە بە کارێکی ناشارستانی لەقەڵەم دەدات و دەڵێت ئەوان تەنها چالاکی مەدەنیان ئەنجام داوەو تیایدا داوای مافی ڕەوای خۆیان کردووە.
لەسەر هاتنی ئەو هێزانە بۆ دەوروبەری ناحیەی شێلادزێ دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ کرد بەڵام لە وەڵامدا گوتی ئامادە نییە لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێک بدات.
پاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابوردوو چەند گەنجێکی ناوچەکە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی توکیا گیانیان لەدەستدا چەندین خۆپیشاندان لە ناحیەی شێلادزێ دژ بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا.
تورکیا دەڵێت هێرشەکانی دژ بە بنکەو بارەگاکانی پەکەکەیە لەو ناوچەیە.
دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان لە دهۆک کاوە عومەر