Accessibility links

ڕوسیا دەست دەکات بە دەنگدان لەسەر دەستور


لە ڕوسیا دەستکراوە بە دەنگدان وەک ڕاوەرگرتنێک لەسەر دەستوری نوێی وڵاتەکە کە دەرفەت بۆ ڤلادمیر پوتن دەڕەخسێنێت تا ساڵی 2036 لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

ئەم پرۆسەی دەنگدانەش لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دەستیپێکردووە و تا ڕۆژی یەکی مانگی 7 دەخایەنێت.

هەرچەندە بڕیار بوو ڕۆژی 1ی مانگی حەوت دەستبکرێت بە دەنگدان لەسەر دەستور، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و وەک هەنگاوێکیش بۆ خۆپاراستن لەم پەتایە، دەسەڵاتدارانی ڕوسیا بڕیاریان داوە لە ڕۆژی 25 ی مانگی 6ەوە دەرگاکانی بنکەکانی دەنگدان بکەنەوە. هەر بۆ ئەو مەبەستەش دەمامک و مەتریاڵەکانی پاککردنەوە بۆ نزیکەی 110 ملیۆن دەنگدەر دابین کراون.

لە هەندێک لە شارەکاندا مێز و سندوقەکانی دەنگدان لەسەر شەقام و مەیدانە سەرەکییەکاندا دانراون، بەڵام ئەم دیاردەیە بۆتە بابەتێکی گاڵتەپێکرد و هەروەها ئۆپزسیۆنیش دەڵێت هەوڵێکی تری فێڵ و تەڵەکە کردنە تا ئەو بەرنوسی دەستورە پەسەند بکرێت کە ڤلادمیر پوتن دەیخوازێت. ئۆپزسیۆن دەڵێت ئامانج لەو دەستورە نوێیەی وڵاتەکە بۆ ئەوەیە تا پوتن هەتا لە ژیاندا بێت، هەر بە سەرۆکی ڕوسیا بمێنێتەوە.

وەها بڕیار بوو ڕۆژی 22ی مانگی 4 ئەم دەنگدانە بکرێت بەڵام لە مانگی یەکدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە دواخرا.

ئەمەش یەکەم ڕاوەرگرتنە لەسەر دەستوری ڕوسیا لەوەتای ساڵی 1993وە.

XS
SM
MD
LG