Accessibility links

دەنگی ناڕەزایی ڕێکخراوەکانی مافەکان بەرامبەر بە میسر


ژمارەیەک لە ڕێکخراو و نێوندە جیهانی و ناوخۆییەکان، ناڕەزاییان دەربڕیوە بەرامبەر دەستبەسەرکردنی کەس و کاری موحەمەد سوڵتان، چالاکوانی میسری کە ڕەگەزنامەی ئەمریکایی هەیە.

سوڵتان، لە دادگایەکی ئەمریکادا، داوایەکی یاسایی لەسەر حازم ئەلبەبلاوی، سەرەک وەزیری پێشووی میسر تۆمار کردووە.

لەو ڕاگەیاندنەی ڕۆژی پێنجشەممەدا، ڕێکخراوی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزە ئاسایشییەکانی میسر 5 کەسیان لە کوسوکاری موحەمەد سوڵتان دەستگیر کردووە و ئەوانەش کە دەستگیر کراون تەمەنیان لە 20 بۆ 24 ساڵن و بۆ ماوەی 2 ڕۆژیش هیچ هەواڵێک لەبارەیانەوە نەزانراوە.

لەو ڕاگەیاندنەدا هاتووە، ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنانەی دەسەڵاتدارانی میسر پەیوەندی هەیە بەو داوا یاساییەی بەپێی یاسای پاراستنی قوربانیانی ئەشکەنجەدان تۆمارکراوە دژ بە سەرەک وەزیری پێشووی میسر.

سوڵتان، کوڕی یەکێکە لە ڕێبەرانی ئیخوانەکانە، لە مانگی 8ی ساڵی 2013دا دەستگیرکراوە، کاتێک هاوکاری میدیا بیانییەکانی دەکرد بۆ ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە موحەمەد مورسی.

لە سالی 2015دا، دەسەڵاتدارانی میسر موحەمەد سوڵتانیان گێڕایەوە بۆ ئەمریکا، بەهۆی باری تەندروستیەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی پێنجشەممە، 21 ڕێکخراوی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، دەڵێن ئەو جۆرە تەنگ پێهەڵچنین و پێشێلکاریانەی هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتی میسر دەیکەن، مایەی نیگەرانییەکی زۆرن، هەروەها داواش دەکەن دەستبەجێ کەسوکاری سوڵتان ئازاد بکرێن و دەسەڵاتداران دەستبەرداری سیاسەتی تۆڵەکردنەوە ببن لە بەرامبەر چالاکوانانی مافەکان و کەسوکاریشیان.

ڕێکخراوەکان لە زاری موحەمەد سوڵتانەوە دەڵێن "ئەلبەبلاوی یەکێک بووە لەو کاربەدەستانەی دەستی هەبووە لە هەوڵدان بۆ لە سێدارەدانی و هەروەها ئەشکەنجەدانیشیدا لە 2013ەوەتا 2015."
هەر لەو ڕاگەیاندنەدا هاتووە کە دەستگیرکردنی کەسوکاری سوڵتان بە مەبەستی ناچارکردنیەتی تا داوا یاساییەکەی بکشێنێتەوە.

XS
SM
MD
LG