Accessibility links

تورکیا ناڕەزایە لە کتێبەکەی بۆڵتن


تورکیا ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر کتێبە مشتومڕ لەسەرەکەی جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.

لە کتێبی "ئەو ژوورەی ڕووداوەکانی تیادا ڕوویاندا" کە پڕە لە قسە و باس سەبارەت بە سەرۆک ترامپ و تیایدا نوسراوە "سەرۆک خزمەتی تایبەتی دیکتاتۆرەکان دەکات."

لەسەر دۆسێی لێکۆڵینەوە لە بانکێکی تورکیا بەهۆی پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێرانەوە، بۆڵتن نوسیویە "سەرۆکی تورکیا داوای لە سەرۆک ترامپ کردووە و سەرۆکیش پێی وتووە بایەخ بەو دۆسێیە دەدات."

فەخرەدین ئاڵتن، بەڕێوبەری پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە زمانی ئینگلیزی نوسیویە "ئەو کتێبە پڕە لە زانیاری هەڵە و چەواشەکاری و ڕای یەک لایەنە لەسەر وتووێژەکانی سەرۆک ئەردۆگان."

ئاڵتن نوسیویە "ئەو درۆ و چەواشەکاریانەی نوسراون بۆ مەبەستی سیاسی و دەستکەوتی تاکە کەسییە."

ئەمریکا و تورکیا لەسەر ژمارەیەک دۆسێ ناکۆکییان لە نێواندایە، لەگەڵ ئەوەشدا کە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا هاوپەیمانن.

کورد بەشێکە لە ناکۆکییەکان و تورکیا نیگەرانە لەو پشتیوانیانەی ئەمریکا بۆ کوردی دابین کردووە لە سوریادا و زۆر جاریش داوای لە واشنتۆن کردووە تا فەتحوڵا گەلەن ڕادەستی ئانکەرە بکرێتەوە.

بەڵام لەگەڵ ناکۆکییەکانیشدا سەرۆک ترامپ و سەرۆکی تورکیا کەناڵەکانی دیالۆگیان بە کراوەیی هێشتۆتەوە و لە زۆر بۆنەشدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، بە شێوەیەکی ئەرێنیانە باس لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات.

لە یەکێک لە تویتەکانیدا ئاڵتن نوسیویە هەردوو سەرۆک هەوڵێکی زۆریان داوە تا پەیوەندییەکان باشتر بکەن وێڕای ناکۆکییە قوڵەکان و وێڕای هەندێ دەنگی دژایەتیکردنی تورکیا لەناو واشنتۆندا."

XS
SM
MD
LG