Accessibility links

سەرۆکی ڕوسیا ڕێژەی باج زیاد دەکات


سەرۆکی ڕوسیا زیادکردنی باج بەسەر خاوەن داهاتە گەورەکاندا ڕادەگەیەنێت و هەروەهاش زیاترکردنی هاوکاری و کۆمەک کردنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو قەیرانەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا سەریهەڵداوە.

لە وتارەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا، ڤلادمیر پوتن وتویەتی زیادکردنی باج لە سەرەتای ساڵی 2021ەوە دەستپێدەکات و هەر کەسێک داهاتی ساڵانەی لە سەرو 5 ملیۆن ڕۆبڵەوە بێت ( 64240 یۆرۆ) ئەوا ڕێژەی باجدانەکەی دەچێتە لە سەدا پازدە.

لە ئێستادا ڕێژەی باجدان لە ڕوسیا لەسەدا سیازدەیە.

سەرۆکی ڕوسیا یارمەتی و کۆمەک کردنیشی بۆ ئەو خێزانانە ڕاگەیاند کە پەتای کۆرۆنا کاریگەری ئابوری و دارایی کردۆتە سەریان.

پوتن ئاگاهیشی داوە لە بەرنجامە ئابوریەکانی پەتای کۆرۆنا و بە "سەختییەیەکی ڕژدیش بۆ ڕوسیا" ناودێری کردووە.

سەبارەت بە زیادکردنی باج لە ڕوسیادا کە بە یەکێک لە سەرچاوەکانی هاوسەنگی نێوان داهات و خەرجییەکان دادەنرێت، ڤلادمیر پوتن دەڵێت "بەم زیادکردنە ڕوسیا 60 ملیار ڕۆبڵ بەدەست دەهێنێت و ئەم بڕە پارەیەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانە بەکاردەهێنرێت کە نەخۆشی دەگمەنیان هەیە."

یەکەم گۆڕانکاری لە ڕێژەی باجداندا کرا لە ڕوسیا، لە ساڵی 2001دا و هاوکاتی یەکەم گەڕی سەرۆکایەتی پوتن دەستکرا بە جێبەجێکردنی، لەو کاتەشەوە داواکان زۆربوون بۆ چاکسازی لە یاساکانی باجداندا تا ڕیژەی باجدان بۆ هاوڵاتیانی ڕوسیایی وەک یەک نەبێت و بەتایبەتیش وەک دەڵێن ئەگەر کرا خاوەن داهاتە کەمەکان لە باجدان ببەخشرێن یان ڕێژەکەیان زۆر بۆ کەم بکرێتەوە.

XS
SM
MD
LG