Accessibility links

وەلید ئەلموعەلم: سوریا پابەندی سزاکانی ئەمریکا نابێت


وەزیری دەرەوەی سوریا دەڵێت ئەمریکاییەکان خەون دەبینن بەوەی سوریا مل بدات بۆ مەرجەکانیان لە ڕێی یاسای قەیسەرەوە کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگی شەشەوە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی.

وەلید ئەلموعەلم، دەڵێت مەبەست لەو یاسایە کاریگەرییە لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

لە قۆناغی یەکەمی ئەو سزایانەدا 39 کەس و دامەزراو دەگرێتەوە لەوانە، بەشار ئەلئەسەد و هاوسەرەکەی، کاربەدەستانی ئەمریکایی دەڵێن یەکێک لە ئامانجەکانی سزای قەیسەر، پاڵنانە بە سەرۆکی سوریاوە تا وابەستەی پرۆسەی سیاسی ژنێڤ ببێت بەپێی بڕیاری 2254 کە داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکات و هەروەهاش هەڵبژاردن بکرێت و قۆناغی گواستنەوە لە سوریادا بێتە ئاراوە.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە دیمەشق، ئەلموعەلم دەڵێت " ئەگەر خەون بەوەوە دەبینن کە سوریا و گەلی سوریا مل بدەن بۆ مەرجەکانیان، ئەوا با هەر خەون ببینن، چونکە ئەوە هەرگیز ڕوونادات."

وەزیری دەرەوەی سوریا یاسای قەیسەر بە "دوا چەکی ئەمریکایی" ناودێر دەکات و دەڵێت دژی سوریایە و بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دانراوە و دەشڵێت "هەرکەسێک شتێکی پێچەوانەی ئەمە بڵێت، هەڵەیە و سەرۆک ئەسەد لە پۆستەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە چونکە گەلی سوریا دەیەوێت سەرۆک ئەسەد بمێنێتەوە."

وەها بڕیارە لە هاوینی ساڵی 2021دا هەڵبژاردن لە سوریادا بکرێت، بەو پێیەی هەر 7 ساڵ جارێک هەڵبژاردن لەو ولاتەدا دەکرێت.

لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا دانوستاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆکایەتی دەکردن نەبوونە مایەی چارەسەرکردنێکی ئاشتیانەی قەیرانی سوریا.

بەپێی یاسای قەیسەر، سزا دەسەپێندرێت بەسەر کاربەدەستانی سوریایی و کارداران و هەر کەسێکی بیانیشدا کە سەروسەودا لەگەڵ دیمەشقدا بکات بە ڕوسیایی و ئێرانیشەوە.

واشنتۆن مەرجیشی داناوە بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانە، لەوانە دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ، ڕاگرتنی بۆردومانکردنی خەڵکی سیڤیل و هەروەهاش ئازادکردنی زیندانە سیاسییەکان و گەڕانەوەی پەنابەران.

XS
SM
MD
LG