Accessibility links

یو ئێن لە لیبیا دەکۆڵێتەوە


کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەند کردووە بۆ ناردنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ لیبیا بە مەبەستی تۆمارکردنی ئەو پێشێلکاریانەی لە ساڵی 2016وەلەو وڵاتەدا کراون.

ژمارەیەک وڵاتی ئافریکا لە مانگی 3ی ڕابردوودا پێسنیازی ئەم بڕیارەیان خستە بەردەم کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ هاوکاتی 43هەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، یو ئێن بە ناچاری کۆبوونەوەکەی هەڵپەسارد.

لەم بڕیارەدا بە توندی ناڕەزایی دەربڕدراوە بەرامبەر هەموو ئەو توندوتیژیانەی لە لیبیادا کراون و نیگەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش خراوەتە ڕوو لەسەر ئەشکەنجەدانەکان و پێشێلکارییەکانی تری لە زیندانەکانی لیبیادا کراون.

ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە ڕادەسپێردرێن بۆ تۆمارکردنی هەر دەنگۆیەک کە پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ بن و هەروەهاش ئەو پێشێلکاریانەی لایەنەکان لەناو لیبیادا کردویانە.

بڕیاریشە ئەندامانی ئەو لیژنەیە لە 45ەمین کۆبوونەوەی ئەندامانی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤدا بەشدار ببن و هەریەکەشیان لە زاری خۆیەوە زانیاری ڕاستییەکان بخاتە بەردەم ئەندامانی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ. وەها دانراوە ئەو کۆبوونەوەیە لە مانگی 9ی داهاتوودا بکرێت.

لەوەتای ساڵی 2011وە کە ڕژێمی موعەمەر قەزافی ڕوخێندرا، لە لیبیا توندوتیژی بەردەوامە و هەروەهاش ململانێ بۆ دەسەڵات.

XS
SM
MD
LG