Accessibility links

نرخی دراوی ئێران دادەڕمێت


نرخی دراوی ئێرانی لە بەرامبەر دۆلاردا دادەڕمێت و کاربەدەستانی ئێران داوا دەکەن هەرچی پارەیەکی بیانییان هەیە لە دەرەوە بگەڕێندرێتەوە بۆ ناو ئێران.

ڕۆژی دووشەممە نرخی یەک دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراودا لەناو ئێران، بەرامبەر 200 هەزار ڕیاڵ بوو، لە کاتێکدا ڕۆژی شەممە یەک دۆلار بە 190 هەزار ڕیاڵ ئاڵوگۆڕ دەکرا.

دابەزینی نرخی دراوی ئێران هاوکاتە لەگەڵ ئەو سزا قورسانەی ئەمریکا سەپاندونیەتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆکی ئێران داوا لەو دەزگا و کاردارە ئێرانیانە دەکات کە کاری هەناردە و هاوردە دەکەن تا ئەو قازانجانەی هەیانە بیگێڕنەوە بۆ ناو ئێران.

جەهانگیری لە هەفتەی ڕابردوودا ڕایگەیاند، داهاتی نەوتی ئێران دابەزیوە بۆ 8 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا لە ساڵی 2011 دا داهاتی نەوتی ئێران 100 ملیار دۆلار بووە.

وەزارەتی بازرگانی ئێران ئاگاهی دەدات و دەڵێت مۆڵەتی هەناردەکردن لە هەموو ئەوانە دەسەنێتەوە کە وابەستە نابن بە گێڕانەوەی دۆلار بۆ ناو ئێران. ڕۆژی یەکشەممەش، بانکی نێوەندیی ئێران ڕایگەیاند ناوی سەرپێچکاران بڵاودەکاتەوە.

کۆمپانیا ئێرانییەکان ساڵانە بایی 40 ملیار دۆلار کەرەستە و کەلوپەلی تر کە پەیوەندییان بە پیشەسازی نەوتی ئێرانەوە نییە هەناردەی وڵاتانی تر دەکەن، بەڵام کاربەدەستان دەڵێن نیوەی ئەو بڕە پارەیە لە دەرەوەی ئێران دەمێنێتەوە.

لە ساڵی 2015دا کاتێک ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێراندا مۆرکرا، نرخی یەک دۆلار لە بەرامبەر 32 هەزار ڕیاڵی ئێرانیدا بوو.

سزاکانی ئەمریکا سەپاندونیەتە سەر ئێران، هەناردەی نەوتی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردۆتەوە کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ئێرانە.

XS
SM
MD
LG