Accessibility links

پێکدادان لە نێوان لەشکری هندستان و سەرهەڵداوان لە کەشمیر


پۆلیس لە شاری سرینگەری هەرێمی کەشمیر ڕادەگەیەنێت سێ ملیتان لە میانەی پێکدادانێکیاندا لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی هندستان کوژراون. ئەم ڕووداوەش دوو ڕۆژ پاش کوژرانی 8 سەرهەڵداوەی ترە.

لە کۆتایی مانگی سێوە کە قەدەغە کردنەکانی هاتوچۆ بە مەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری هندسان ڕاگەیاندرا، نیودهلی هەوڵەکانی دژە یاخیبوانی لەو ناوچە کێشەلەسەرە زیاد کرد.

بەرپرسێکی پۆلیس بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕاگەیاند، ڕووداوەکە لە ناوچەی زونیماری هەرە قەڕەباڵغی شاری سرینگەر ڕوویداوە و لەو پێکدادانەدا ماڵێک بە تەواوەتی ڕووخاوە.

نزیکەی مانگێک لەمەبەر کوڕی یەکێک لە ڕێبەرە باڵاکانی جوداخوازانی کەشمیری و یاریدەدەرەکەی لە هەمان شاردا کوژران.

لە ڕووداوەکەی مانگی 5 دا بەهۆی شەڕوپێکدادانی ڕۆژێکی تەواو، نزیکەی 15 ماڵ لەلایەن پۆلیس و لەشکرەوە خاپوورکران. ئەوەش یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی سەرهەڵداوان و هێزەکانی حکومەت بوو لە سرینگەرلەماوەی دوو ساڵی ڕابوردوودا.

گروپە سەرهەڵداوەکان دەیان ساڵە شەڕ بۆ سەربەخۆیی هەرێمە یان تێکەڵکردنی لەگەڵ پاکستان دەکەن. بەهۆی ئەو شەڕانە دەیان هەزار کەس، زۆربەیان خەڵکی سڤیل، لە ساڵی 1989 وە هەتا ئێستا گیانیان لەدەستداوە.

هندستان زیاتر لە 500 هەزار سەربازی لە کەشمیر و ناوچەی هیمالایان جێگری کردووە و پاکستانیش ئەوە ناوچەیە بە هی خۆی دەزانێت.

XS
SM
MD
LG