فەڕەنسا داوای پەنابەرێکی عێراقی دەکات کە لە پاریس لە ساڵی 2018دا بە تاوانەکانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوێکی تێرۆریستی و هەروەهاش بە تاوانەکانی جەنگ گوناهبار کرابوو.
ئەحمەد حەمدان مەحمود ئەلئەسوەدی، لە هاوینی ساڵی 2016 دەگاتە فەڕەنسا و لە مانگی 6 ساڵی 2017دا مافی پەنابەرێتی سیاسی لەو وڵاتە وەردەگرێت.
لە ساڵی 2018دا ئەلئەسوەدی لە باکوری ڕۆژئاوای فەڕەنسا دەستگیردەکرێت و دوای 3 ڕۆژ، لە پاریس ڕووبەڕووی تاوانەکان دەکرێتەوە و لە زیندان دەنرێت.
سەرچاوەیەکی دەسەڵاتی دادوەریی لە فەڕەنسا ئەو ڕاپۆرتە هەواڵیانەی پشتڕاستکردۆتەوە کە ئەلئەسوەدی لە مانگی 5ی ئەمساڵدا ئازادکراوە و خراوەتە ژێر چاودێری دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکەوە و کاتێکیش ئەو کارمەندەی پۆلیس کە ئەرکی چاودێریکردنی ئەلئەسوەدی لە ئەستۆ بووە و پەیوەندی پێوەکردوو، ئەم ترساوە و وەهای زانیوە دەیگێڕنەوە بۆ زیندان.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ڕۆژێک یان دووان دوای ئەو پەیوەندییە، ئەلئەسوەدی دەچێتە ئەڵمانیا و لەوێ لە بنکەیەکی پۆلیس دەڵێت "لە فەڕەنسا داواکراوە" و دەشڵێت ئەو فرمانی دەستگیرکردنەوەیەی دادوەری لێکۆڵینەوە بۆی دەرکردووە، فرمانێکە لە هەموو وڵاتانی ئەوروپادا کاری پێدەکرێت.
سەرچاوەکەی ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەحمەد حەمدان مەحمود ئەلئەسوەدی، بدرێتەوە بە فەڕەنسا.
گەورە کاربەدەستێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە ئەرکی ڕێکخستنی کاروبارەکانە لەگەڵ دەزگای ئینتەرپۆڵ، بە فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەلئەسوەدی یەکێکە لە گەورە سەرکردەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و بەشداریش بووە لە کوشتنی 1700 کەس لە هێزەکانی لەشکر و پۆلیس لە ناوەڕاستی عێراقدا لە ساڵی 2014دا.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوای لە فەڕەنسا کردووە ئەلئەسوەدی ڕادەستی عێراق بکاتەوە.
موحەمەد المونسف حەمدی، پارێزەرەکەی ئەلئەسوەدی، نکوڵی دەکات لەوەی ناوبراو پەیوەندی هەبووبێت بە داعشەوە و جەختیش دەکاتەوە لەوەی ئەلئەسوەدی دژی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە شەڕی کردووە.