Accessibility links

لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیادا سێ هاووڵاتی لە شیلادزێ گیانیان لەدەستدەدەن


بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی سێ هاووڵاتی لە گەلی باڵندا سەر بە ناحیەی شیلادزێ گیانیان لەدەستدا.

بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێرانی دەنگی ئەمەریکا لە دهۆک تەرمی دوو پیاو کە هەردووکیان خەڵکی شیلادزێن گەیشتۆتە نەخۆشخانەی شیلادزێ، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زانیاری لەسەر هاووڵاتی سێهەم نەزانراوە.

هاوکات ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە دەڵێت دانیشتوانی گوندی کەشان لە دەڤەری حەفتانینی باکوری پارێزگای دهۆک ترس و توڕەیی خۆیان لەسەر ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری تورکیا لە ناوچەکەیان دەردەبڕن.

دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە کە تورکیا هێرشەکانی دەستپێکردووە، چەندین هێرشی ئاسمانی کراوەتەوە سەر کێڵگەو شوێنەکانی تری ناوچەکە.

ئیبراهیم فەرحان جوتیارێکە لە گوندی کەشان بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتدی گوتووە " نازانین بۆ کوێ بڕۆین هیچ شوێنێکمان نییە، ئەمە شەشەم ماڵمە کە دروستم کردووە، بۆ کوێ بڕۆین؟ ئەمە گوندی ئێمەیە، ئێمە لێرە لە دایک بوین خاکی ئێمەیە، موڵکی ئێمەیە و ئاوی ئێمەیە."

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند هێرشی ئاسمانی و زەمینی تورکیا لە دەڤەری حەفتانین کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر دووەرە لە سنوری نێوان توکریا و عێراقەوە دەستیپێکردووە. بەڵام ڕاینەگەیاندووە کە چەند سەرباز لەو هێرشەدا بەشدارن.

دڵشێر عەبدولستار لە ناحیەی باتوفای سەر بە قەزای زاخۆ دەڵێت " ئێمە هیچ زانیاریمان لەسە ئەوە نییە چەند سەرباز هاتونەتە ناوەوە بەڵام دڵنیاین لەوەی کە سەربازی تورکیا هاتونەتە ناوەوە و چەک و تەقەمەنی قورسیشیان پێیە. ئەم ئۆپەراسیۆنەیان جیاوازە لەوانی پێشوتر چونکە فڕۆکە جەنگییەکان هێرشی زۆر دەکەن."

تورکیا بەبەردەوامی هێرشی ئاسمانی و زەمینی دەکاتە سەر ئەو ناوچە سنوریانە و دەڵێت هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکەیە کە بنکەو بارەگاکانیان لە باکوری عێراقە.

XS
SM
MD
LG