Accessibility links

خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا


گوندی سیدەکان هەرێمی کوردستان
گوندی سیدەکان هەرێمی کوردستان

لە ئەنجامی هێرش و بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی سیدەکان و حاجی ئۆمەران، زیانی گیانی ماڵی گەیشتۆتە خەڵکی ئەو ناوچانە.

دانیشتوانی ده‌ڤه‌ره‌که‌ داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکەن هەڵویستی ڕژدیان هەبێت چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسییەکان بۆ سەریان زیاد دەکات. لە دوایین هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر کوێستانەکانی خنێرەی سیدەکان شوانێک لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکەیدا ده‌که‌وێته‌ به‌ر بۆرد‌ومانه‌که‌ و گیانی لەدەستدەدات.

سامان فەقێ نەبی بەرپرسی کۆمیتەی حزبی دیموکراتی کوردستان له‌ سنوره‌که‌ سەبارەت بە تۆپبارانی ناوچەی ئالانە و بنکە و بارەگاکانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ناوچەی ئالانەی سەر بە حاجی ئۆمەران بە چڕی بۆردومانکراوە، خۆشبەختانە تاکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانیمان نەبووە، ئێمە نامانەوێت هیچ جۆره‌ کێشه‌یه‌ک له‌ناوچه‌که‌ دروست بکەین کە بەهۆی پێشمەرگەکانیئێمەوە تۆپخانەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ناوچەکە ئاڵۆز بکەن و خەڵکی سڤیل تووشی زەرەر و زیان بن، بۆیە وەکو پێشتر بە ئاشکرا خۆمان پیشان نادەین بنکەکانمان بە شێوەی حەشارگەی پێشمەرگە و تیمی گەڕۆک لە سنورەکان هەن تا ورەیەک بە خەڵکی ڕۆژهەڵات بدەین."

ئەو بەرپرسەی حزبی دیموکراتی کوردستان، دەشڵێت" لەو بەشانەی کە ئێمە لە پەکەکەوە نزیکین هیچ بنکەیەکمان لە لایەن تورکیاوە بەرنەکەوتووە ئێمە لە چیاکانی هەڵگورد و سەقەر و کێلەشین و ئالانە و لەو سنورانەی کە دەکەوێتە نێوان حاجی ئۆمەران و ناوچەی سیدەکانین".

ئەسکەندەر ڕەشید هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لە دەڤەری سیدەکان سەبارەت بە ڕەوشی دەڤەرەکەیان و چۆنیەتی گیانلەدەستدانی ئەو شوانە بەهۆی فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" ئەو کەسەی کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە گیانی لەدەستداوە شوانکاره‌ و ئيشی مەڕداری دەکات خەڵکی شارۆچکه‌ی هه‌ریره‌، شه‌وی ڕابردوو له‌کاتی ڕۆیشتنیان بۆ کێلەشین و کانی خنێرەی دەڤەری برادۆست له‌لایه‌ن فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی تورکیاوه‌ گیانی لەدەستدا، ئەوانەی کە ڕه‌وه‌ند و کۆچەرن تەرمی ئەو شوانکاره‌یان گه‌یاندۆته‌ نەخۆشخانەی سیدەکان، بۆیه‌ داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین ڕێگە لە له‌شکرکێشی تورکیا بگرن چونکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پێشڕەویدایە ئێستاش دووسەد کۆماندۆی دیکەی تورکیا هاتوونەتە چیاکانی دەڤەری برادۆست، له‌ ڕاستیدا تورکیا ڕەشەکوژیی دەرهەق بە خەڵکی سڤیل و بێتاوان له‌ ناوچه‌که‌دا ئه‌نجام ده‌دات".

شایەنی باسە وەک کاربەدەستانی دەڤەری سیدەکان و خەڵکی ناوچەکە باسی لێوە دەکەن 118 گوندی ئەو ناوچەیە‌ بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیاوە چۆڵکراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:43 0:00


XS
SM
MD
LG