Accessibility links

عێراق ناڕەزایی خۆی دەدات بە باڵیۆزی ئێران


وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی ئێران بانگهێشت دەکات و یاداشتێکی ناڕەزایی وڵاتەکەی پێدەدات.

لەو یاداشتەدا حکومەتی عێراق ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی تۆپبارانکردنی گوندەکانی سەر سنور لە ناوچەی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر.

تۆپبارانەکانی ئێران وەک لە ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە بوونەتە مایەی زیانی ماڵی و زیان لێکەوتنی موڵک و ماڵی هاوڵاتیان لە ناوچەکەدا، ئەمە بێ لەوەی وەک لە راگەیاندنەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، تۆپبارانەکانی ئێران ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆریشی خستۆتەوە لەناو هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەدا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت دەکاتەوە لەسەر درێژەپێدانی پەیوەندییە "مێژووییەکان" لەگەڵ ئێراندا، بەڵام دەشڵێت ئیدانەی ئەو جۆرە کارانەی ئێران دەکات و بە پێویستیشی دەزانێت کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرێت و ئەم جۆرە کارانەی ڕابگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لە ئێران دەکات تا ڕێگەکان بۆ هاوکاری دوو لایەنەی هاوبەش بدۆزێتەوە لە پێناو سەقامگیرکردنی ئاسایش لە ناوچە سنوریە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا.

تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی 16ی ئەم مانگی 6 گوندەکانی دۆڵی ئالانەیان بۆردومان کرد بە بیانوی ئەوەی سەرهەڵداوانی کورد لەو ناوچە سنوریانەن.

XS
SM
MD
LG