Accessibility links

ئێران موشەکەکانی تاقیدەکاتەوە


کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەک موشەکی لە کەنداوی عومان و باکوری ئۆقیانوسی هیندی تاقیکردۆتەوە.

ئاژانسی دەنگوباسی ئێرنا دەڵێت موشەکەکان جۆری کروز توانیویانە ئامانجەکانی خۆیان بپێکن لە دووریی 28 کیلۆمەترەوە.

ئەم تاقیکردنەوە موشەکیانە هاوکاتی مانۆڕێکی لەشکری ئێران بووە لە کەنداوی عومان و لە ئۆقیانوسی هیندیدا.

ڕاپۆرتە هەواڵیەکانی ئێران دەڵێن دەکرێت مەودای موشەکەکان زیاد بکرێن، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتریان باس نەکردوە سەبارەت بەو زیادکردنە.

مانۆڕەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ئێران، یەکەم مانۆڕی لەشکریی وڵاتەکەیە لەوەتای مانگی 5 ڕابردووەوە کە بە هەڵە موشەکێک بەر یەکێک لە کەشتیە جەنگییەکانی خۆی کەوت، نەک ئەو ئامانجەی لە تەنگەی هورمزدا بۆی دانرابوو.

لەو ڕووداوەدا 19 کەس لە هێزی دەریایی ئێران کوژران و هەروەها 15 کەسی تریش بریندار بوون.

ئەم تاقیکردنەوە موشەکیانەی ئێران هاوکاتیشە لەگەڵ ئەو پشێویەی لە نێوان هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و ئێراندا هەیە لە ئاوی کەنداودا.

ئەمریکا لە مانگی 4دا ئێرانی گوناهبارکرد بەوەی مانۆڕی مەترسیدار و بێزارکەر دەکات لە نزیک کەشتییەکانی ئەمریکاوە لە باکوری ئاوی کەنداودا.

ئەمریکا، بە ڕژدی کار لەسەر درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک دەکات لەسەر ئێران کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەپاندونی و لە مانگی 10ی داهاتوودا وادەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران کۆتایی پێدێت.

XS
SM
MD
LG