Accessibility links

جیهادیەکان لە سوریا لیرەی تورکیایی دەخەنە بازاڕەوە


T

دەسەڵاتی خۆجێیی لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا کە لەژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوە جیهادیەکاندان دەستیان کردوە بە بەکارهێنانی لیرەی تورکیایی بۆ کاروباری ڕۆژانە.

لەم مانگەدا نرخی لیرەی سوریایی دابەزینێکی بێپێشینەی بەخۆوە بینیوە، وەک کاربەدەستێکی خۆجێیی لەو ناوچانەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە.

ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتی خۆجێیی ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا بەر لە کەوتنەکاری یاسای (قەیسەر)ی ئەمریکایە کە بڕیارە لە ڕۆژی چوارشەممەوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یاسای قەیسەر، سزای قورس دەسەپێنێت بەسەر ڕژێمی سوریا و هاوکارەکانیدا و چاودێر دەڵێن هێندەی تر نرخی دراوی سوریا دادەبەزێنیت.

باسل عەبدولعەزیز، بەرپرسی ئابوری لە حکومەتی "ڕزگاری نیشتمانی" کە وەک دەسەڵاتی خۆجێیی سەر بە هەیئەتی تەحریری شام سەیر دەکرێت، ئاماژە بەوە دەکات ئەو دەسەڵاتە خۆجێییە ڕێنومایی دەرکردوە بۆ کۆمپانیا بازرگانی و ئابوریەکان تا لیرەی تورکی دابین بکەن و لە بەکارهێنانی ڕۆژانەدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا جێی لیرەی سوریا بگرێتەوە.

پەیامنێری فرانس پرێس دەڵێت لە دامەزراوەیەکی دارایی شاری سەرمەدادا بڕێکی بەرچاوی دراوی تورکیای بینیوە (کاغەز و ئاسن)، وە دەشڵێت بنکەکانی فرۆشتنی سوتەمەنی لە ڕۆژی یەکشەممەوە نرخی سوتەمانییان بە لیرەی تورکیا دیاریکردوە.

دابەزینی نرخی لیرەی سوریایی بۆتە مایەی گرانییەکی زۆر و هەر ئەمەشە وەک دەگوترێت بۆتە هۆکاری ئەوەی دیمەشق عماد خەمیس لە پۆستی سەرەک وەزیری سوریا دوور بخاتەوە.

عەبدولعەزیز، باسیش لەوە دەکات کە بەکارهێنانی لیرەی تورکیایی لە کاروباری ڕۆژانەدا بە مانای ڕاگرتنی تەواوەتی لیرەی سوریایی نییە، وەک دەڵێت "چارەنوسی لیرەی سوریایی دەکەوێتە سەر ئەوەی چەندێکی لە بازاڕدایە و چەندیش داوا دەکرێت، لە کاتێکدا خەڵک دراوێکیان دەوێت جێگیریی زیاتری هەبێت لە نرخدا."

باسل عەبدولعەزیز دەڵێت ئەم هەنگاوە پێویستە بۆ جیاکردنەوەی ئابوری ڕژێمی سوریا لە ئابوری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرهەڵداوان.

عەبدولڕەحمان موستەفا، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سوریا بنکە لە ئەستانبوڵ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە، دەسەڵاتە خۆجێیەکانیش لە باکوری هەرێمی حەڵەب هەمان هەنگاو دەگرنەبەر و لیرەی تورکیایی لە بری لیرەی سوریایی بەکاردەهێنن.

XS
SM
MD
LG