Accessibility links

ئێران لە دۆسێی پەنابەرانی ئەفغانیدا بە گوناهبار دادەنرێت


یاسادانەرێکی ئەفغانستان دەسەڵاتدارانی ئێران گوناهبار دەکات بە دەستهەبوون لە هێرشەکانی ئەمدواییەی کرابوونە سەر پەنابەرە ئەفغانیەکانی لە ئێرانن.

عەبدولستار حوسەینی، ئەندامی پەرلەمانی ئەفغانستان، ئەندامی ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەشە کە حکومەت پێکیهێناوە بۆ تاووتوێکردن و هەڵسەنگاندنی ئەو سکاڵایانەی پەیوەندییان هەیە بە دۆسێی پەنابەرانی ئەفغانییەوە لە ئێران، لە لێدوانەکانی ڕۆژی دووشەممەیدا بۆ ئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس دەڵێت لەم مانگی شەشەدا، لە هەرێمی یەزد 3 پەنابەری ئەفغانی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلەکەیان و دواتریش سوتاندنی ئۆتۆمبێلەکە.

حوسەینی دەڵێت لە ڕووداوێکی تردا، پاسەوانە ئێرانیەکانی سنور لە مانگی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی ئەفغانییان دەستگیر کردوە و ئەوانەی خۆیان دەربازکردووە دواتر پشتڕاستیان کردۆتەوە کە پاسەوانە ئێرانییەکانی سنور پاڵیان بە زیاتر لە 20 پەنابەرەوە ناوە تا بکەونە ڕوبارەوە و دواتر خنکاون.

ئێران سەرلەبەری ئەم هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە.

زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانی وەک پەنابەر لە ئێران دەژین بەهۆێ شەڕ و شۆڕی ناو وڵاتی خۆیانەوە. پێشتریش ئێران گوناهباردەکرا بەوەی بە زۆر ئەو پەنابەرە ئەفغانیانە ناچار دەکات بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.

خۆپیشاندان دژی ئێران لە ئەفغانستان
خۆپیشاندان دژی ئێران لە ئەفغانستان

ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، شاندێکی وڵاتەکەی سەردانی ئێران دەکات بە مەبەستی وتوێژی زیاتر لەسەر ڕەوش و گوزەرانی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران و هەروەهاش بۆ وتووێژکردن لەسەر شێواز و میکانیزمەکانی باشترکردنی پەیوەندییەکانی کابوڵ و تاران.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە باڵیۆزی ئەفغانستان بانگ کراوە تا ناڕەزایی فەرمی پێ ڕابگەیەندرێت سەبارەت بەو خۆپیشاندانە هەفتەی ڕابردوو لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێراندا لە کابوڵ کرابوو.

تاران ئەو خۆپیشاندانەی بە کاری تێکدەرانە ناودێر کردوە و دەشڵێت زیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەدات.

عەباس موسەوی دەڵێت تاران هاوکاری کابوڵ دەکات بۆ وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکانی و دەشڵێت "هەندێک هەن لەوانە دەزگا بیانییەکانی ڕاگەیاندن ئەم دۆسێیە بەکاردەهێنن."

XS
SM
MD
LG