Accessibility links

تورکیا پشتیوانی ئێران دەکات و تارانیش سوپاسگوزارە


زەریف و چاوشئۆغڵو - ئەرشیف

جارێکی تریش تورکیا دژایەتیکردنی سزاکانی ئەمریکا دەکات کە سەپێندراونەتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئانکەرە دەڵێت پەتای کۆرۆنا نیشانیداوە جیهان پێویستی بە هاوکاری و هاوسۆزی زیاترە.

ئەم لێدوانانەی مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاوکاتی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی بوو لەگەڵ موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێراندا.

زەریف، درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە تورکیا، یەکەم گەورە کاربەدەستی ئێرانە لەوەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە سەردانی تورکیا بکات.

چاوشئۆغڵو دەڵێت"سەقامگیری و پارێزراوی ئێران بۆ ئێمە گرنگە، ئێمە دژی سزای تاکلایەنەین و لە ڕاستیشدا ئەم پەتایە فێەری کردوین کە خیهان پێویستی بە هاوکاری و هاوسۆزی زیاترە."

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەدا سوپاسی پشتیوانیەکانی تورکیای کرد و دەشڵێت " ئەمریکا سزاکانی لەسەر ئێران قورس کردووە تا لەم سەروەختی پەتای کۆرۆنایەدا زیانی ئابوری لە ئێران بدات."

سەرۆک ترامپ، پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە لەگەڵ ئێراندا، سزای قورسی سەپاندۆتە سەر ئێران.

کاربەدەستانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ جەخت دەکەنەوە لەوەی ئێران کار لەسەر بەدەستهێنانی ئەو جۆرە موشەکانە دەکات کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی هەبێت، هەرچی ئێرانیەکانیشن نکوڵی لێدەکەن.

هەردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئێران ئاماژەیان بەوەش کردووە کە هەردوو وڵات کار لەسەر کردنەوەی سنورەکانیان دەکەن و پلانیان هەیە تا لە سەرەتای مانگی هەشتدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیشیان بکرێنەوە.

XS
SM
MD
LG