Accessibility links

تورکیا بۆردومان دەکات و عێراقیش ناڕەزایەتی دەردەبڕێت


وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایدەگەیەنێت فڕۆکە جەنگییەکانی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەر سەرهەڵداوانی کورد لە باکوری عێراقدا.

تورکیا ئەم کردە لەشکریانەی خۆی ناو ناوە "چنگی هەڵۆ" و لە هێرشەکانیشدا پارتی کرێکارانی کوردستان کراوەتە ئامانج لە ژمارەیەک ناوچەی باکوری عێراقدا.

لەشکری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "ئەو هێرشانەی زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە لە 81 ئامانجییان داوە."

وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت فڕۆکە جەنگییەکان بە وردی بە ئاگابوون لەوەی زیان بە خەڵکی سیڤیل نەگات لەو ناوچانەی بۆردومانیان کردون وەک قەندیل و شنگال و خواکورک و گوێر و مەخمور و شەرگات.

لە عێراق، سەرکردایەتی کردە هاوبەشەکان لە ڕاگەیاندنێکدا ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر بەو هێرشە ئاسمانیانەی تورکیا و لە ڕاگەیاندنەکەیدا هاتووە " ئەم ڕەفتارە وروژێنەرەی تورکیا، ناگونجێت لەگەڵ وابەستەبوون بە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی و هەروەهاش لەگەڵ ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکاندا و پێشێلکارییەکی بێ چەندوچوونی سەروەریی عێراقە."

سەرکردایەتی کردە هاوبەشەکان لە عێراق داوای ڕاگرتنی ئەو پێشێلکاریانە دەکات وەک بەشێک لە وابەستەبوون بە بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتەوە.

XS
SM
MD
LG