Accessibility links

کوژرانی 2 سەرکردەی جیهادییەکان لە ئیدلب


دوو سەرکردەی سەربازیی ڕێکخراوی "پاسەوانانی ئاین" کە سەر بە تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدەیە، لە شاری ئیدلب لە سوریا کوژراون.

ڕوانگەی سوریایی بۆ چاودێری کردنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ڕۆژی یەکشەممە فڕۆکەیەکی نەناسراوی بێفڕۆکەوان، موشەکێکی لە ئۆتۆمبێلێکی ئەو دوو سەرکردە سەربازییە داوە و بۆتە مایەی کوژرانی قەسام ئەلئوردونی، بەرپرسی سەربازیی ڕێکخراوەکە و هەروەها سەرکردەیەکی تری سەربازی بە ناوی بیلال ئەلسەنعانی، کە خەڵکی وڵاتی یەمەنە.

ڕوانگەی سوریایی، ئاماژەش بەوە دەکات کە دەشێت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە فڕۆکەی ئەمریکا بووبێت.

ڕێکخراوی "پاسەوانانی ئاین" لە ساڵی 2018 دامەزراوە و سەدان چەکداری هەیە و لە ئیدلب شان بە شانی هەیئەتی تەحریری شام دژی هێزەکانی ڕژێمی سوریا دەجەنگێت.

لەوەتای ساڵی 2011وە کە قەیرانی سوریا دەستیپێکردوە، ژمارەیەکی زۆری فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمانی سوریادا دەبینرێن لەوانە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و هەروەها فڕۆکەی جەنگیی ڕوسیا و تورکیا، بێ لەوانیش فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکان لە سوریادا.

یەکێک لە وتەبێژەکانی هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ئیسرائیل هیچ هێرشێکی ئاسمانی لە باکوری ڕۆژئاوای سوریادا نەکردووە.

ئەمریکا چەند جارێک سەرکردە جیهادییەکانی کردۆتە ئامانج لە هەرێمی ئیدلب.

ڕوانگەی سوریایی دەڵێت پاش ڕاگرتنێک بۆ ماوەی نزیکەی 3 مانگ، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا لەم مانگەدا دەستیان کردەوە بە بۆردومانکردنی ناوچەکانی ئیدلب و زیاتریش ئەو ناوچە سنوریانەی هەرێمەکەی بۆردومان دەکرد کە هاوسنور بوون لەگەڵ حەما و لازقییە کە لەو ناوچانەدا چەکدارەکانی "پاسەوانانی ئاین" جموجۆڵیان زۆرە.

بەر لە چەند ڕۆژێک ڕێکخراوی "پاسەوانانی ئاین" ژورێکی کردەی لەشکریی پێکهێنانوە لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکخراوی تری جیهادیدا، کە ڕوانگەی سوریایی بە ڕێکخراوی تری بچوک و کەم کاریگەر ناودێریان دەکات و دەڵێت پێکهێنانی ئەم ژوری کردە لەشکریانە بە مەبەستی یەکخستنی هەوڵەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی سوریا.

XS
SM
MD
LG