Accessibility links

کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکانی تورکیا و ڕوسیا دوادەخرێن بۆ کاتێکی نادیار


ئانکەرە و مۆسکۆ ڕایدەگەیەنن سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی هەردوو وەزیری دەرەوە و بەرگری ڕوسیا بۆ تورکیا دواخراوە.

وەها بڕیار بوو وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری ڕوسیا ڕۆژی یەکشەممە بە سەردانێک بگەنە تورکیا بۆ تاووتوێکردنی ڕەوشی لیبیا و هەروەها سوریا. ئانکەرە و مۆسکۆ پشتیوانی لە لایەنە ڕکابەر و بەشەڕچووەکانی ئەو دوو وڵاتە دەکەن.

لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی شەممەی هەردوو وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا و تورکیادا وەها باسکرابوو کە پاش ڕێککەوتنی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا، ڕۆژی یەکشەممە سێرگیێ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە و سێرگیێ شویگۆ، وەزیری بەرگری سەردانی ئەستانبوڵ دەکەن.

بەڵام هەر ڕۆژی یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند ئەو سەردانە دوادەکەوێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ هۆکارێک بکات بۆ دواخستنەکە، تەنها ئەوەندەی باسکردووە، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوشانە ڕوسیاییەکەیدا ڕێککەوتوون کە پەیوەندییەکانی نێوان دیپلۆماتانی هەردوو وڵات درێژەیان هەبێت و پاشتر کۆبوونەوەی وەزیرەکان بکرێن.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاش دەڵێت وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان وەزایرەکانی هەردوو وڵات لە کاتێکی تردا ددەستنیشان دەکرێت. هەر لەو ڕاگەیاندنەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا جەخت دەکاتەوە لەوەی وەزیرەکانی هەردوو وڵات هەوڵی چڕ و پڕ دەدەن بۆ پشتیوانیکردنی چارەسەرییەکی سیاسیانە لە لیبیا.

ڕوسیا و تورکیا، هەر یەکە پشتیوانی لە لایەنێکی قەیرانی لیبیا دەکات.

تورکیا هاوشێوەی قەتەر پشتیوانی لە حکومەتی نیشتمانی لیبیا دەکات بە سەرۆکایەتی فایز ئەلسەڕاج، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر کە ڕوسیا و میسر و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب پشتیوانی لێدەکەن.

ئانکەرە هێزی چەکداری سوریایی و ڕاوێژکاری لەشکری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وەک پشتیوانی کردن بۆ هاوپەیمانە لیبیاییەکەی ناردووە و بەمەش هاوکێشەی هێز لە لیبیادا گۆڕدراوە و لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هاوپەیمانەکەی تورکیا سەرکەوتنی لەشکریانەی بەدەستهێناوە.

لە سوریادا، تورکیا و ڕوسیا پێکەوە کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی سیاسی دەکەن، هەرچەندەش هەر یەکەیان پشتیوانی لە لایەنە ڕکابەر و بەشەڕچووەکانی ناو سوریا دەکەن.

وەهاش چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی یەکشەممە، موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بگاتە ئەستانبوڵ و ڕۆژی دووشەممە دەست بکات بە وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیادا، بەپێی لێدوانی دیپلۆماتێکی تورکیا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت.

ئێران و ڕوسیا پشتیوانی لە ڕژێمی بەشار ئەلئەسەد سەرۆکی سوریا دەکەن و هەرچی تورکیایە پشتیوانی لە ژمارەیەک لایەنی ئۆپزسیۆنی چەکداری سوریایی دەکات.

XS
SM
MD
LG