Accessibility links

نوێترین زانیاری لەسەر هێرشی سەر گوندە کاکەییەکانی خانەقین


دەنگی ئەمەریکا زانیاری نوێ لەسەر هێرشە چەکداریەکەی شەوی ڕابردووی سەر گوندە کاکەیی نیشینەکانی باشوری قەزای خانەقین ی پارێزگای دیالە بڵاودەکاتەوە، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 5 گوندنیشینی کاکەیی و دوو پۆلیسی عێراقی.

گوندی دارا، ئەو گوندە کاکەیی نیشینەیە، شەوی ڕابردوو هێرشیکرایە سەر و 5 هاوڵاتی کاکەیی تێدا کوژران، لەکاتی ڕۆیشتنیان بەرەو گوندەکەش بۆ بە هاناوەچوونی دانیشتوانی گوندەکە، بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی سوپای عێراق دا تەقیوەتەوە، بەو هۆیەوە دوو سەرباز کوژراون، کە یەکێک لەسەربازەکانیش کاکەیی بووە.

رەجەب کاکەیی چالاکوانی کاکەیی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو ناوچەیەی هێرشیکراوەتە سەر و 5 کاکەییەکەی تێدا شەهید بوون، سنوری دەسەڵاتی حەشدی شەعبی یە، ئێمە ئەوان بە بەرپرسیار دەزانین."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، کاتژمێر9 و سی خولەکی شەوی ڕابردوو، پێش ئەوەی هێرش بکرێتە سەر گوندی دارای کاکەیی نیشین، درۆنێکی چاودێری بەسەر گوندەکەدا سوڕاوەتەوە، دوای دیارنەمانی درۆنەکە، هێرشەکە دەستیپێکردووە.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئاماژەبەوەش دەکەن، ئەو چەکدارانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، ژمارەیان 10 بۆ 12 چەکداربوون، کە بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە جۆری مێکزەمینی هاتوونەتە ناوچەکە و دەستیان بە هێرشەکە کردووە.

هاوڵاتیەکی کاکەیی، سوڕانەوەی درۆنەکەی پێش دەستپێکردنی هێرشەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە، وتی"چەکدارەکان بە مێکزەمینیەک هاتوون، لەنزیک ئاوی باڵەجۆ دابەزیوون، هێرشەکەیان دەستپێکردووە."

وتیشی"مێکزەمینیەکە کە چەکدارە هێرشبەرەکانی دابەزاند، بەسەر جادەی گشتی دا بەرەو خانەقین ڕۆیشتووە."

بەپێی وتەی هاوڵاتیە کاکەییەکە، چەکدارەکان لە سێ جێگە بۆسەیان دانابووە، لە پشت گوندی دارا، لەنزیک باڵەجۆ و لە سەر ڕێگەی خانەقین.

ئەو ناوچەیەی هێرشیکراوەتە سەر، سنوری دەسەڵاتی لیوای 23 ی حەشدی شەعبی یە، بەڵام هێچ هێزێکی سەر بەو لیوایە، نە ئەمڕۆ و نە شەوی ڕابردووش، نەچوونەتە گوندەکە، لەکاتێکدا چەند هەمەرێکی سەربازی پۆلیس و سوپا چوونەتە ناوچەکە و بەهۆی بۆمبەوە، دوو سەربازیان لێکۆژراوە.

رەجەب کاکەیی، چالاکوانی کاکەیی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سوڕانەوەی درۆنی چاودێری، جۆری هێرشەکە، هەمووی جێگەی گومانن."

هێرشەکەی شەوی ڕابردوو، لەکاتێکدایە پێشتر چەندین جاری تر هێرشکراوەتە سەر گوندەکانی سنوری خانەقین و چەندین هاوڵاتی کورد کوژراون، نزیکەی 500 خێزانی کوردیش گوندەکانیان جێهێشتووە.

ئەنجامدانی ئەو هێرشانە لەلایەن چەکدارانی "گومانلێکراو"وە، هاوکاتە لەگەڵ بوونی سوپای عێراق، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لەو ناوچانە، کە ئەو هێزانە توانای پاراستنی سنورەکانیان نیە و ڕێگەش نادەن هێزی تر بۆ هەماهەنگی بڕواتە سنورەکانیان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بەرپرسانی کورد گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی هێرشەکانی سنوری خانەقین، هێرشی تیرۆرستی نین، بەڵکو دەستی سیاسین و دەیانەوێت کورد لە ناوچەکە دەربکەن."

سەرچاوەکە، روونیکردەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆبوونەوەیەک لەبەغدا کراوە، سەرۆک کۆمار و سەرۆک حیزبە شیعیەکان و بەرپرسانی باڵای کورد بەشداربوون، هادی عامری لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کردووەتەوە، وتی"بەرپرسێکی کورد بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، پەرچە کرداری بەرامبەر ڕووداوەکانی خانەقین نواندووە، وتویەتی: ئێمە دژی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکاین، وەزعی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان خراپە، حەشدی شەعبی سنوری خانەقینی پێ ناپارێزرێت، ڕێگەش نادات ئێمە بڕۆینە سنورەکە، تەواو نیگەرانین."

پێشتر بەشێک لە دانیشتوانی کوردی خانەقینی ناڕەزایەتیان دەربڕی و داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەیان کردووە، دواتر حەشدی شەعبیش کۆبوونەوەیەکی بۆ هەندێک لە دانیشتوانی خانەقین ڕێکخستووە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە پشتگیری کردن بووە لە حەشد و گەیاندنی پەیام بووە، بەوەی خانەقین سەقامگیرە و پێویستی بە هێزی تر نیە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:37 0:00
Direct link



XS
SM
MD
LG