Accessibility links

چین سزای مەرگ دەسەپێنێت بەسەر هاوڵاتییەکی ئوستورالیاییدا


ئوستورالیا ئەو فرمانی مردنەی وڵاتی چین سەپاندویەتی بەسەر هاوڵاتییەکی ئوستورالیدا بە تاوانی قاچاغچێتی بەنگ و موخەدەرات، بە بڕیارێکی خراپ و نەگونجاو ناودێری دەکات.

دەسەڵاتدارانی چین لە ساڵی 2013دا ئەو هاوڵاتییە ئوستورالیاییەیان دەستگیر کردووە، وەک دەڵێن لە کاتێکدا ویستویەتی سواری فڕۆکە بببێت، زیاتر لە 7 کیلۆ و نیو بەنگ و موخەدەراتی پێگیراوە.

دادگای کوانگتشۆ لە ناوەڕاستی وڵاتی چین ڕۆژی شەممە فرمانی مردنی داوە بەسەر ئەو هاوڵاتییە ئوستورالیەدا و فرمانی دەستبەسەرداگرتنی هەموو موڵک و ماڵێکیشی داوە.

وەزارەتی بازرگانی ئوسترالیا، لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەستی بە خەمێکی قوڵ کردووە لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی دادگاکەی چیندا.

هەر لەو ڕاگەیاندنەدا هاتووە "ئوستورالیا دژی سزای مردنە لە هەموو بارێکدا و پشتیوانی لە هەڵگرتنی تەواوەتی سزای مردن دەکات لە سەرانسەری جیهاندا و هەر ڕێگەیەکی بتوانرێت دەگرێتەبەر وەک وابەستەیی ئوستورالیا بۆ هەوڵدان لە پێناو ئەو ئامانجەدا."

وەزیری بازرگانی ئوسترالیا دەڵێت، ئەو بڕیارەی چین جێی مەخابنە، بەڵام مەرجیش نییە ببەسترێتەوە بەو ناکۆکیانەی لەنێوان چین و ئوسترالیادا هەن.

ئوستورالیا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدایە کە داوای لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر چۆنیەتی سەروسەوداکردنی وڵاتی چین لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە بەرامبەر ئەم هەوڵەی ئوستورالیاد، بێژینگ کە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەو وڵاتەیە، ژمارەیەک کۆت و بەندی خستە سەر کەرەستە و کەلوپەلی ئوستورالیایی و ئاگاهیشی داوە بەو خوێندکارانەی چین کە دەیانویست بچنە ئوستورالیا بۆ خوێندن و دەڵێت ڕەگەز پەرستی هەیە لە ئوستورالیا.

XS
SM
MD
LG