Accessibility links

زانیاری لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق


ئەمەریکا و عێراق چوارچێوەیەکی گشتیان بۆ ئەو بابەتانەی بڕیارە لەداهاتوودا گفتووگۆی لەبارەوە بکەن داڕشتووە ، دوای گفتووگۆی نێوان نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی هەردوولا، کەڕۆژی پێنجشەمە لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامدرا، ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی تەوەری گفتووگۆکانی نێوانیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکەی ئەمەریکا و عێراق دا، کەشەوی پێنجشەمە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوتەوەرانە کراوە، نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی هەردووڵات، بەسەرۆکایەتی دەیڤید هێڵ و عەبدولکەریم هاشم، ڕۆژی پێنجشەمە گفتووگۆیان لەبارەوە کردووە.

ئەو تەوەرانەی شاندی هەردوو وڵات گفتووگۆیان لەبارەوە کردووە، هەمە لایەنەن و زۆربەی بوارە ئابووری، سەربازی، سیاسی، یاسایی و کلتوریەکان دەگرێتەوە، بڕیارە مانگی داهاتوو بۆ گفتووگۆ و ڕێککەوتن لەسەر ئەو تەوەرانە، وەفدێکی عێراق سەردانی ئەمەریکا بکات.

شێرکۆ میروەیس بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت" ئاراستە ڕاستەقینەکە ئەوەیە، گفتووگۆکان لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی هەردوو وڵات بگیرسێتەوە، سەرەتای گفتووگۆکان زۆر باشن، ئەمەریکا و عێراق تێگەیشتوون لە روئیای یەکتری بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانیان."

لە ساتەوەختی گفتووگۆی نێوان نوێنەرانی ئەمەریکا و عێراق، موشەکێک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەعێراق کراوە،بەرپرسانی عێراق پەیام لە پشت ناردنی موشەکەکەوە دەبینن.

بەڕای چاودێران، ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکەی ئەمەریکا و عێراق، بەزمانێکی تەواو دبلۆماسی نوسراوە و پشتگیری بووە بۆ کازمی، بەوەی چەند جارێک ناوی هەردوو وڵات هێنراوە، ئاماژە بە لایەنی کلتوری و گێڕانەوەی ئەرشیفەکانی سەردەمی بەعس بۆ عێراق کراون، ئەمانە ئاماژەن بۆ ڕێزگرتن لەسەروەری عێراق.

هەروەها ڕاگەیەنراوەکە، پەیامیشی بۆ ئێران و گروپە نزیکەکان لێی تیابووە، تا ڕێککەوتنەکە بەهەند وەربگرن و دژایەتی نەکەن، ئەو پەیامەی چاودێران لە ڕاگەیەنراوەکەدا بۆ ئێران و هێزە شیعیەکان دەیبینن،ئەوەیە ئەمەریکا ژمارەی سەربازەکانی کەمدەکاتەوە و نایەوێت بنکەی هەمیشەیی لە عێراق هەبێت، بەڵام بەشێک لە توندڕەوە شیعەکان، پێیانوایە کات بۆ کشانەوەکە دانەنراوە.

چاودێران وایدەبینن، ئەمەریکا بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقی بۆ دەرچوونی هێزەکانیان لەعێراق بەهەند وەرگرتووە، بەو پێیەی بڕیاری باڵاترین دامەزراوەی عێراقە، بەڵام نایەوێت لەژێر فشاردا عێراق جێبهێڵێت، بەڵکو دەیەوێت بە ڕێککەوتن ئەو کارە بکات.

دکتۆر مەحمود عوسمان سییاسەتمەداری کورد، پێیوایە دوو مەسەلە، بنەمای گفتووگۆکانی نێوان ئەمەریکا و عێراقن، وتی"ئەمەریکا هێزەکانی کەمدەکاتەوە لەعێراق، ئەوانەشی دەمێننەوە، بێ ئاگاداری عێراق ڕەفتار ناکەن."

وتیشی"عێراقیش میلیشیاکان چەک دەکات، گەر عێراق ئەمەی پێکرا، ئەوکات هەردوو وڵات پێکەوە،لەبوارە ئابووری و سەربازی و بوارەکانی تر کاردەکەن."

لە ڕاگەیەنراوەکەی عێراق و ئەمەریکادا، ئاماژەبەوەشکراوە ئەمەریکا تاوتوێی ناردنی ڕاوێژکارانی ئابووری بۆ عێراق دەکات، بۆ یارمەتیدانی حکومەتی عێراق لەڕووی ئابووریەوە، هەروەها تاوتوێی ناردنی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانی بواری وزە و بوارەکانی تریش کراوە بۆ عێراق، بەمەرجی لەباربوونی دۆخەکە بۆ کارکردنیان.

هەرچەندە هەندێک لە چاودێران پێیانوایە ئەمە هەوڵێکی ئەمەریکایە بۆ شکست هێنان بە هەوڵەکانی چین بۆ ڕووکردنە عێراق، بەڵام شێرکۆ میروەیس، وتی"ئەمەریکا لەساتە ناخۆشەکاندا لەگەڵ عێراق بووە، بۆیە مافی هەیە وەبەرهێنان بکات و پەرە بەبەرژەوەندیەکانی لەعێراق بدات."

لە میانی گفتووگۆی نێوان نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و عێراق، ئاماژەبە گرنگی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوە،ئەمەریکا بەپێویستی دەزانێت هەڵبژاردن بەو یاسایە ئەنجام بدرێت.

لە یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق دا، بازنەی هەڵبژاردن بۆ ئاستی قەزا بچوک کراوەتەوە و هەڵبژاردنیش کراوە بەفەردی، بەڕای نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکاش، کەمینەکانی عێراق سود لەو یاسایە وەردەگرن بۆ ناردنی نوێنەریان بۆ پەرلەمان، بە تایبەت ئەوان پشتگیری لەهەبوونی نوێنەری ئەو ناوچانە لەپەرلەمان دەکەن، کە دووچاری "جینۆساید" بوون.

رەجەب کاکەیی ئەندامی شاندی کەمینە ئاینیەکان کە بەشداربووە لەگفتووگۆکان لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق، دەڵێت"نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا پاڵپشتی داواکاریەکانمان بوون، تا بەشداری کارامان لەپرۆسەی سیاسی عێراق دا هەبێت، خۆمان نوێنەرایەتی خۆمان بکەین."

لە ڕاگەیەنراوەکەی نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و عێراق دا، ئاماژەبە سەروەری و یەکپارچەیی عێراق کراوە، بڕیارە گفتووگۆکان تا گەیشتن بە ڕێککەوتن درێژەیان هەبێت، بۆیە بەرپرسانی کورد چاوەڕوانی دەستپێکردنی گفتووگۆکانن بۆ ڕێککەوتن، تا بزانن پێگەی هەرێم لەچوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا تا چەند بایەخی پێدەدرێت.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:07:16 0:00


XS
SM
MD
LG