سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لەڕاپۆرتێکدا، کە بەردەستی ئاژانسی ڕۆیتەرز کەوتووە، ڕۆژی پێنجشەممە بە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕاگەیاندووە ئەو موشەکە کروزانەی کە لە چەند هێرشێکدا بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەیەکی نێونەتەوەیی لە عەرەبستانی سعودیە ساڵی ڕابوردوو بەکارهاتوون " دروستکراوی ئێرن بوون".
گۆتێرێس گوتوشیەتی چەندین کەرەستەی چەک و پەیوەندیدار بە چەکەوە کە لە مانگی 11 ی 2019 و مانگی 2 ی 2020 لەلایەن ئەمەریکاوە دەستیان بەسەرداگیراوە " ئێرانی بوون".
ئەو دەشڵێت هەندێک لەوانە دیزاینەکانیان هاوشێوی ئەو کەرەستانەیە کە لەلایەن کارگەیەکی بازرگانی لە ئێران دروست کراون و هەندێکیان لە نێوان مانگی 2 ی 2016 وە بۆ مانگی 4 ی 2018 ڕوانەی وڵاتەکە کراون.
ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە نەبووە وەڵامی پرسیارەکانیان لەسەر ئەو ڕاپۆرتە بداتەوە.
واشنتن هەوڵ دەدات ئەو ئەنجومەنە 15 ئەندامییە قایل بکات کە ئابڵوقەی چەک بۆ سەر ئێران درێژ بکەنەوە کە لە مانگی 10 ی ئەم ساڵ بە پێی ڕێککەوتنی ناوکی چەک بەسەردەچێت. لە نێو ئەو پێنج ئەندامەی کە مافی ڤیتۆیان هەیە ڕوسیا و چین ئاماژەیان بەوە کردووە دژی ئەو هەنگاوەن.
گوێتێرس ساڵانە دوو جار ڕاپۆرتی خۆی لەسەر جێبەجێکردنی ئابوڵقەی چەک بۆ سەر ئێران و ئەو کۆتوبەندانەی تری کە پاش ڕێککەوتنە ناوکییەکە مابوون، دەدات بە ئەنجومەنی ئاسایش.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە ئەنجومەنی ئاسایش تاوتوێی ڕاپۆرتەکەی گۆتێرس بکات.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کێلی کرافت، دەڵێت بەم زواننە بەرنوسی بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ئابلوقەی چەک بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات. ئەمەریکا هۆشداری دەدات ئەگەر سەرنەکەوت لەم هەوڵەدا ئەوا هەمو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران بە پێی ڕێککەوتنە ناوکییەکە دەسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا هەرچەنە لە سالێ 2018 وە لەو ڕێککەوتنە دەرچووە. دیمپلۆماتەکان دەڵێن پێدەچێت واشنتن نەتوانێت بە ئاسانی ئەم کارە بکات.