Accessibility links

هێزە عێراقیەکان شکستیان بە "پلانێکی گەورە"ی داعش هێنا


حکومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانانی عێراق"ی دژی چەکدارانی داعش لە پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدین ئەنجامدا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، ڕۆیشتە کەرکوک، چاودێری دۆخی ئەمنی ناوچەکە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکەی کرد.

ئۆپەراسیۆنەکە، کاتژمێر 4 ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەمە 2 ی حوزەیران دەستیپێکرد و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو، کە سوپای عێراق، حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدرالی و هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا بەشداری پرۆسەکەیان کرد.

ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، دوای زنجیرەک هێرش و پەلاماری داعش بۆ ناوچە جیاجیاکانی دەوروبەری کەرکوک هات، بەتایبەت زانیاریە هەواڵگیریەکان ئاماژەیان بۆ هێرشی زیاتری چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە دەکرد.

ئیسماعیل حەدیدی ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەکەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش جم و جۆڵی زۆری هەبوو، لەنێوان پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین، ئۆپەراسیۆنەکە بۆ نەهێشتنی جم و جۆڵەکانیان بوو."

بەپێی بەدواداچوونێکی دەنگی ئەمەریکا، داعش هێرشی گەورەی لەسنوری کەرکوک بەدەستەوەبووە، بۆیە هێزە عێراقیەکان دەستپێشخەریان کردووە و ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە، تا شکست بە پلانەکانی داعش بهێنن.

فەرماندەیەکی ئەمنی عێراق کە خۆی بەشداری ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقیەکانی کردووە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش پلانی پەلاماردانی هەندێک ناوچەی کەرکوکی هەبوو، ئەمە بەتەواوەتی هێزە عێراقیەکانی راچڵەکاندوو."

وتیشی"ئۆپەراسیۆنەکە بۆ شکست هێنان بوو، بە پلانەکەی داعش."

هێزە عێراقیەکان لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەیاندا، چەندین تونێلی داعشیان خاپور کرد، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی بۆمب ڕێژکراو و پشتێنی بۆمب ڕێژکراویان تەقاندەوە، چەندین ناوچەیان کێوماڵکرد.

ئیسماعیل حەدیدی زانیاریەکانی فەرماندە سەربازیەکەی پشتڕاستکردەوە، وتی"داعش پلانی پەلاماردانی ناوچە نەوتیەکانی کەرکوکی هەبوو، دەیویست دۆخی خراپی ئێستای عێراق بقۆزێتەوە و پلانەکەی جێبەجێ بکات، بەڵام هێزە عێراقیەکان دەستپێشخەریان کرد."

هەرچەندە هێزە عێراقیەکان لە ئۆپەراسیۆنەکەیاندا ناوچەیەکی بەرفراوانیان کێوماڵ کرد، بەڵام نەکەوتنە شەڕی قورس و دەستەویەخەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش، کە زۆرێک لە چاودێران پێیانوایە، داعش زانیاری پێشوەختی لەسەر جم و جۆڵە سەربازیەکان پێدەگات، بۆیە پێشوەخت ناوچەکە جێدەهێڵێت و دواتر بۆی دەگەڕێتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:33 0:00


XS
SM
MD
LG