Accessibility links

لە خۆپیشاندانەکەی سلێمانیدا هێزە ئەمنییەکان تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد


خۆپیشاندانی سلێمانی
خۆپیشاندانی سلێمانی

ڕۆژی سێشەممە لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانێک لە بەردەم باڵەخانەی قایمقامییەتی سلێمانی لەلایەن خاوەن دوکان و بازاڕەکانی شاری سلێمانییەوە بەڕێوەچوو بۆ ناڕەزایی دژی بڕیاری سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و، هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی بڵاوپێکردنی خۆپیشاندانەکە تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد.

شەوی دووشەممە لەسەر سێ شەممە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆی دا دوای ئەوەی لە ڕۆژێکدا ١٠١ حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانیدا تۆمارکرا و ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی بەشێکی هاوڵاتییان لە چەند شارێکی وەکو سلێمانی، دەربەندیخان، قەڵادزێ و چەند ناوچەیەکی تر، داوایان کرد قەدەغەی هاتوچۆ هەڵبگیرێت بەهۆی خراپی دۆخی دارایی هاوڵاتیانەوە.

خۆپیشاندانی سلێمانی
خۆپیشاندانی سلێمانی

خۆپیشاندانەکان گرژییان تێکەوت و هێزە ئەمنییەکان ویستیان بڵاوە بە خۆپیشاندانەکان بکەن، لەلایەن بەشێک لە خۆپیشاندەرانەوە بە بەرد هێرش کرایە سەر هێزە ئەمنییەکان و ئەوانیش تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.

لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکەدا تیمێکی ڕۆژنامەنووسانی کەناڵی سپێدە دەستگیرکران و تیمی ڕۆژنامەنووسانی ئێن ئار تی ڕێگرییان لێکرا ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەن.

هەروەها وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ پارێزگاکانی سەرپشک کرد بەپێی بارودۆخی پارێزگاکەیان مامەڵە لەگەڵ پرسی قەدە:ەی هاتووچۆ بکەن و لە ئەنجامدا هەریەک لە پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاری هەولێر ڕایانگەیاند کە سبەینی قەدەغەی هاتووچۆ کۆتایی پێدەهێنن بە ڕەچاوکردنی باری دارایی هاوڵاتیان بەڵام پێویستە ڕێکاری توندی خۆپارێزی بگیرێتە بەر بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا.

XS
SM
MD
LG