Accessibility links

خۆپیشاندەرانی عێراق کۆڵ نادەن


خۆپیشاندەرانی عێراق خۆیان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان ئامادە دەکەن، ئەمەش وەکو ناڕەزایەتیەک بەرامبەر "هەنگاوە سستەکان"ی حکومەتی نوێی عێراق بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانیان.

ماوەی چەند هەفتەیەکە، دۆخی عێراق هێور بووەتەوە، خۆپیشاندەران چاودێری هەنگاوەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەکەن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ناڕەزایەتیەکانجارێکی تر سەرهەڵبدەنەوە.

جەمال ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە فاکتەرەکانی توڕەیی شەقامی عێراقی هێشتا بەردەوامیان هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت خەڵک بەشداری لە ناڕەزایەتیەکاندا بکات.

ناوبراو، وتی"ڕەنگە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە لەوانەی پێشوو جیاوازتر بن، خوێنی کەم تێدا بڕژێت، چونکە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دژی خوێن ڕشتنە."

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، گۆڕینی ستافی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کوشتنی خۆپیشاندەران و ئازادکردنی خۆپیشاندەرە "شوێن بزر"کراوەکان، داواکاری سەرەکی چالاکوانانی عێراقە، کە ئامادەکاری بۆ سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی دەکەن.

خۆپیشاندەرانی عێراق پەلەیان بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانیان، مستەفا کازمیش ترسی لە گەورەبوونی لەمپەرەکانی بەردەمی هەیە، بۆیە هەنگاوەکانی بە لەسەرخۆیی دەهاوێژێت، ئەمەش خۆپیشاندەرانی توڕە کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەنگاوەکانی حکومەتی نوێی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کازمی کوتلەی پەرلەمانی گەورەی لەپشت نیە، تا داکۆکی لێ بکات، بۆیە لەمکاتەدا، ناوێرێت دەست بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران ببات، کە خەڵکی باڵایان تێدایە."

سەرچاوەکە، وتیشی"کازمی دەیەوێت پۆستە سەربازی و ئەمنیەکان بەو کەسانە پڕبکاتەوە کە بژاردەی خۆین، لەبری نێو پەرلەمان، لێرەوە خۆی بەهێز بکات، پاشان دەست بۆ دۆسیە قورسەکان ببات."

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بووەتە داواکاری شەقامی عێراقی و تەنانەت هێزە شیعیەکانیش پشتگیری دەکەن، بەڵام ئامانجی هێزە شیعیەکان لە هەڵبژاردنی پێشوەخت، جیاوازترە لە ئامانجی خۆپیشاندەران.

خۆپیشاندەرانی عێراق، دەیانەوێت ستافی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بگۆڕدرێت و هەڵبژاردن بەیاسای نوێ ئەنجام بدرێت، دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە، گۆڕانکاری لە عێراق دا بهێننە ئاراوە.

لەکاتێکدا هێزە شیعیەکان، ترسیان لە جوڵەکانی کازمی و بەهێزبوونی و دروستبوونی مەترسی لەسەر پێگەیان هەیە، بۆیە دەیانەوێت لەڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، حکومەتێکی تر بهێننەوە، کە بژاردەی خۆیان بێت.

جەمال ئەحمەدی پەرلەمانتاری عێراق، ئاماژەی بەوەکرد کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان مشت و مڕی گەورەی دروستکردووە و داوای گۆڕینی ستاف و سستمی کارکردنی دەکرێت، وتی"کۆمیسیۆنی ئێستا لەلایەن حیزبە گەورەکانەوە دانراوە، هەڵبژاردن لە ژێر سایەی ئەم کۆمیسیۆنەدا، کۆمەکی حیزبەکان بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری دەکات، بۆیە داوای گۆڕانکاری لەستاف و یاساکەی و شێوازی بژاردنی دەنگەکانیشدا دەکرێت."

خواستی خۆپیشاندەران گۆڕینی سستمی هەڵبژاردنی عێراقە بۆ هەڵبژاردنی بازنە بچوک و فەردی، بەشێوەیەک هەڵبژاردن لە ئاستی پارێزگاوە بۆ ئاستی قەزا بچوک بکرێتەوە و تاکیش لەدەرەوەی حیزب مافی خۆ کاندید کردنی هەبێت، کە ئەمە لەیاسای نوێی هەڵبژاردندا پەیڕەو کراوە، بەڵام بەشێک لە حیزبەکان دەترسن لەم یاسا نوێ یە زەرەرمەند بن.

جەمال ئەحمەد، وتی"خواستێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت هەیە، بەڵام حکومەت پێویستی بەپەرلەمانە بۆ دەرکردنی یاسای تایبەت بە چاکسازی."

وتیشی"هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان واتە دەستپێکردنی ململانێ لەگەڵ حیزبە گەورەکان."

سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیەکانی عێراق، لەکاتێکدایە ئەو وڵاتە لەدۆخێکی سەختی ئابووریدایە و بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، حکومەتی عێراق بیری لەدەستکاریکردنی موچەی فەرمانبەران کردووەتەوە.

شێرکۆ عەبدوڵا کە رۆژنامەوانێکە و لەبەغدا کاردەکات، پێیوایە حکومەت بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببات، چونکە دەستبردن بۆ ئەم کارتە، وادەکات فەرمانبەرانیش بچنە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە و حکومەت ئیفلیج بکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:49 0:00


XS
SM
MD
LG