Accessibility links

وتەبێژی کۆمەڵ: بەشداری کورد لەم کابینەیەی عێراق، هەمان عاقیبەتی کابینەکانی پێشووی دەبێت


وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی، ئاماژەبەوەدەکات خراپی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێم، کاریگەری لەسەر پێگەی کورد لەبەغداش دەبێت.

لەسەرەتای گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێبوار حەمەد، وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی، باسی لە پەیوەندی نێوان حیزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، ڕوونیکردەوە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەری پەرلەمانتار، کاریگەری لەسەر پەیوەندیەکانی نێوانیان هەبووە و دەشڵێت "چەند پەرلەمانتارێک داوای یاساییان لەسەربوو، بۆ بەتەنها پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ هەڵگیرا؟ ئەمە نیشانەی پرسیاری لەسەر پەرلەمانیش دروستکرد."

دکتۆر ڕێبوار دەڵێت"بەرەو نەهێشتنی نەفەسی دەنگی ئازاد هەنگاو دەنرێ، خەریکە بوار بۆ ڕەخنەگرتن ناهێڵرێت، بەجۆرێک پەرلەمانتار نەتوانێت ڕەخنە بگرێت وقسەی خۆی بکات، لەکاتێکدا پەرلەمانتار نوێنەری خەڵکە، دەبێت ڕەخنە لە گەندەڵی و ئەو کاراکتەرانە بگرێت کە هۆکاری ئەم قەیرانەن."

وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی، ڕەتیکردەوە لەنێوان حیزبەکەی و پارتی دا، هیچ گفتووگۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سۆران عومەر هەبێت، ڕوونیکردەوە گرفتی ئەو پەرلەمانتارە، کاریگەری لەسەر پەرلەمانی کوردستانیش هەبووە، بەجۆرێک کۆبوونەوەی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان نەکراوە، هێزە سیاسیە کاریگەرەکانی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیان کردووە، جەختیکردەوە"دەبوو پارێزبەندی هەڵنەگرن، ئەمە سونەتێکی خراپ بوو، لەکاری پەرلەمانیدا کە دایانهێنا."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، رێبوار حەمەد وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی، هاتە سەر باسی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغداو ئەوەی خستەڕوو، پارتی و یەکێتی تەرکیزیان لەسەر ئیستیحقاقی مادی بووە، زۆرجار بۆ خۆیان بووە نەک هەرێم، زۆرجار هەوڵی دەستەبەرکردنی ئەو پۆستانەیان لەبەغدا بۆ خۆیان داوە، نەک ئیستیحقاقی ئینتیخابی بۆ هەموو لایەنەکان کەنوێنەرایەتی خەڵک دەکەن، وتیشی"کۆبوونەوەیەک لەسەرۆکایەتی هەرێم کرا، تا لایەنەکان پێکەوە گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا بکەین، وەکو کۆمەڵ بەشداربووین، هەرچەندە باوەڕیشمان وابوو، ئەوان لەسەر ڕێبازی پێشوو دەڕۆن، دەریشکەوت وابوو، نەهاتن لایەنەکان بەشداری پێ بکەن و بەشەفافی گفتووگۆ بکرێ، بۆیە بەشداریکردنی ئەمجارەش لەم کابینەیەی حکومەتی عێراق، هەمان عاقیبەتی کابینەکانی پێشووتری دەبێت."

سەبارەت بە لاوازبوونی پێگەی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان و ئاڵۆزی پەیوەندی نێوان لایەنە کوردیەکان لەو ناوچانە، ڕێبوار حەمەد، وتی"یەکێتی و پارتی لە دۆخی ئەو ناوچانە بەرپرسیارن، خیتابیشیان خراپە، کورد گەر بتوانێت لەبەغدا شتێک بکات بە پێکەوەیی بۆی دەکرێ، دەمێکە تێبینیمان هەبووە، نوێنەرایەتی حیزبی لەبەغدایە نەک دامەزراوەیی کە پەرلەمان و فراکسیۆنە کوردیەکانە."

بەرپرسەکەی کۆمەڵی ئیسلامی، وتیشی"لە خولی پێشوو داواکرا، کۆمیسیۆنێک هەبێت ئیدارەی دانوستانەکان بدات، لێرە پەرلەمانی کوردستان بێ ڕۆڵ کراوە، بەرامبەر حکومەتی هەرێم بێ دەسەڵاتە، چ جای ئەوەی بتوانێ ڕۆڵی ئیدارەدانی دۆسیەی دانوستاندنی هەرێم و بەغدای پێ بسپێردرێ، بەدڵنیاییەوە نایانەوێ پەرلەمان کارا بێ و ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕێبوار حەمەد وتەبێژی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی، هێمای بۆ ئەوەکرد هەموو ئەو هێزانەی نوێنەریان لەبەغدا هەیە و متمانەی خەڵکیان بەدەستهێناوە، مافی خۆیانە بەشداربن لە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار و دەنگ بدەن، وتی"وەکو کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر بنەمای بەرچاو ڕوونی نەبێت، بەشداری لەهیچ کارێکدا ناکەین."

زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتەکەی دڵشاد ئەنوەر پەیامنێری دەنگی ئەمریکادایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:18 0:00

XS
SM
MD
LG