Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا ئاگاهی دەدات لەبارەی چینەوە


ڕێکخەری کاروباری سیاسی یەکێتی ئەوروپا داوای ستراتیژیەتێکی توندتر دەکات لە بەرامبەر وڵاتی چین.

ئەم داوایە لە نێوەندی ئەو مەزەندەکردنانەدایە کە وڵاتی چین وەک نێوەندێکی هێز لە جیهاندا، جێی ئەمریکا دەگرێتەوە.

جۆسیپ بوریل لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ باڵیۆزە ئەڵمانیاییەکاندا وتوویەتی "شیکەرەوە زۆر دەمێکە باسیان لە کۆتاییهاتنی ئەم سیستەمە جیهانییە کردووە کە بە سەرکردایەتی ئەمریکایە و بەرەنجامیش چوون بەرەو ئاسیایە، ئەمەش ئەوەتا ئێستا بە بەرچاومانەوە ڕوودەدات."

بوریل دەڵێت دەشێت وەها بڕوانینە پەتای کۆرۆنا کە خاڵی وەرچەرخانی دەسەڵاتە لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات و دەشڵێت "هەروادێ و فشارەکان لەسەر یەکێتی ئەوروپا زیاتر دەبێت تا لایەکیان هەڵببژێرێت."

ڕێکخەری کاروباری سیاسی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، دەبێت ئەم 27 وڵاتەی یەکێتی ئەوروپا پەیڕەوی بەهاکانی خۆی بکات و هەروەها خۆیشی دوور بخاتەوە لەوەی لایەک یان لایەکی تر بەکاریبهێنن.

لە لێدوانەکانی ڕۆژی دووشەممەیدا، جۆسیپ بوریل جەختی کردۆتەوە لەوەی ئەو پەیوەندیانەی لە نێوان برۆکسل و بێژینگدا هەن، بەردەوام لەسەر بنچینەی متمانە و ڕوونی و ئاشکرایی و هەروەهاش وەک یەک سەروسەوداکردن نەبووە، هەر بۆیەشە وەک دەڵێت "هیچ دەرفەتێکی ترمان لەبەردەستدا نییە تەنها ئەوە نەبێت، پێکەوە بە خۆڕاگرییەوە سەروسەودا لەگەڵ چیندا بکەین و کۆبوونەوەی لوتکەیی داهاتوش لەگەڵ بێژینگدا دەشێت دەرفەتێک بێت بۆمان."

بوریل باسی لە پێویستی ستراتیژیەتێکی بەهێزتریش کردووە لە بەرامبەر چیندا و پەیوەندییەکی باشتری لەگەڵ تەواوی وڵاتانی تری دیموکراسی لە ئاسیادا، بە بەشێک لەو ستراتیژیەتە داناوە.

ئەڵمانیا لە مانگی 7ەوە سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا وەردەگرێت بۆ ماوەی 6 مانگ.

XS
SM
MD
LG