بەلانیکەم 5 کەس دەکوژرێن و زیاتر لە 20 کەسیش بریندار دەبن لەو تەقینەوەیەی لە ناوچەی پیداوا لە باکور ڕۆژئاوای سۆماڵیا ڕوویداوە.
ئەم تەقینەوەیەی ڕۆژی یەکشەممە، هاوکات بووە لەگەڵ مەڕاسیمەکانی جەژنی ڕەمەزاندا.
پۆلیس و گەواهدەرانیش دەڵێن ژن و منداڵیش لەنێو کوژراوەکاندا هەن.
موحەمەد موختار، یەکێکە لە بەرپرسانی پۆلیس لە ناوچەی پیداوا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە؛ بەپێی زانیارییە بەراییەکان 5 تەرم لە شوێنی تەقینەوەکەدا هەڵگیراونەتەوە و دەشڵێت دەشێت ژمارەی کوژراوەکان بەرز ببێتەوە، چونکە ژمارەیەک لە بریندارەکان، برینەکانیان سەختە.
موحەمەد ئیبراهیم، گەواهدەرێکی نزیک لە ڕووداوەکە بووە و دەڵێت ئەو خەڵکەی لە شوێنی تەقینەوەکەدا بوون خەریکی ئاهەنگ گێڕان و سەما کردن بوون بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، دەشڵێت پێدەچوو بۆمبێکی چێنراو بووبێت، چونکە بۆمبێکی دەستی ئەو هەموو زیانە گیانییە نادات.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە بۆمبییە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی ئەلشەباب بەردەوام لە سۆماڵیادا هێرش دەکات.
ئەلشەباب پەیوەندی بە تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدەوە هەیە.
هاوکات ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامیش لە سۆماڵیا جموجۆڵی هەیە.